ئەحمەد قازی نووسەر و وەرگێڕی کورد کۆچی دوایی کرد

19:32 - 17 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە مامۆستا ئەحمەد قازی نووسەر و شاعیری ناسراوی کوردی خەڵکی مەهاباد، بە هۆی نەخۆشی لەنەخۆشخانەیەکی شاری تاران ماڵاوایی لەژیان و دونیای ئەدەبیی کرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەدیب، نووسەر و وەرگیڕی ناوداری کورد مامۆستا ئەحمەد قازی ماوەی چەند سال لەمەوبەر تووشی شێرپەنجەی ریخۆڵە هاتبوو و پاش بەربەرەکانییەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشییەکەی سەرەنجام لەتەمەنی ٧٩ ساڵیدا بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ئەحمەد قازی لە دەیەکانی ٤٠ی هەتاوییدا بە هۆی چالاکی سیاسییەوە بۆ ماوەی چەندین ساڵ تەمەنی خۆی لە زیندانەکانی قەسرێ و قزڵقەلعەی تاراندا تێپەڕ کرد و پاش کۆچی دوایی مامۆستا هێمن بۆ ماوەی ١٧ ساڵ سەرنووسەی مانگنامەی \"سروە\"ی لە ئەستۆ بووە.

ئەو نووسەرە کوردە لە ناو زینداندا دوو کتێبی رووسی بەناوەکانی \"مونۆبریتا(کوهسار حقیقت)\" و \"هیپنوتیزم\"ی وەرگێراوەتە سەر زمانی فارسی.

ئەو ئەدیبە کوردە ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لە ئاوایی قازیاوای سەر بەساری مەهاباد چاوی بە دونیا هەڵیناوە و لەیەکەم قوتابخانەی کۆماری کوردستان لەشاری مەهاباد وانەی بە زمانی کوردی خوێندووە.

ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی بۆ درێژەدان بە خوێندن رووی لە شاری تەورێز کردووە و لەوێ بروانامەی دیپلۆمی بەدەست هێناوە.

کتێبەکانی \" دن کیشوت\" و \" گیل گمش\" لە شاکارە ئەدەبیی و وەرگێرانەکانی ئەو ئەدیبە کوردەن. ئەو نووسەرە ناسراوە خاوەنی زیاتر لە ٢٠ بەرهەمە.