ئەحمەد شەهید: لە ماوەی دەسەلاتداریی رۆحانیدا دۆخی مافی مرۆڤ \"بە گشتی خراپتر\" بووە

20:09 - 26 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتیری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، رایەگەیاند کە پێکەوە هەڵکردن لە دانوستانە ناوکییەکاندا باشتربوونی دۆخی مافی مرۆڤی لەو وڵاتەدا لێدەکەوێتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەحمەد شەهید رۆژی رابردوو لە شاری سویس لە کۆنفڕانسیکی رۆژنبامەوانیدا بەشداریی کرد و جارێکی دیکە پێداگریی لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندا کرد.

ئەحمەد شەهید، دەوڵەتی حەسەن رۆحانیی بە پێشێلکاریی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێراندا تۆمەتبار کرد.

بە گوتەی راپۆرتیری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، خەڵکی ئێران لە پەراوێز کەوتنی پرسی مافی مرۆڤ لە ئەنجامی دانوستانە ناوکییەکاندا نیگەرانن.

دەنگی ئەمریکا لە زاری ئەحمەد شەهیدەوە سەبارەت بە دانوستانە ناوکییەکان ئێران لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ و لە پەویەندی لەگەڵ مافی مرۆڤدا رایەگایند: هیوادارم واژۆی رێکەوتننامەی ناوکی لەگەل ئێران یارمەتی بە باشتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا بکات.

وەزیری پێشووی دەرەوەی وڵاتی ماڵدیڤ لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە لێپرسراوانی ئیرانی لە سەرەتای ئەمساڵی زایینی‌یەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٥٢ کەسیان لەسێدارە داوە کە نیوەی ئەو کەسانە لەسەر تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤەوە بووە.

ئەحمەد شەهید هەڕەشە لە رێکخراوە ناحکوومییەکان، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، حیزبە سیاسییەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی بە نێشانەی خراپتر بوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە سەردەمی دەسەڵاتدارییەتیی حەسەن رۆحانیدا لە قەڵەم داوە.

ناوبراو لە دوایین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە پێشکەشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، رایگەیاندووە: \" ٣٠ رۆژنامەنووس لە وڵاتی ئێران لە زیندانەکاندا و حکوموەتی ئیسلامی دەبێ دەبێ کۆتایی بە سانسۆر و بڵاوکردنەوەی پارازیت بێنێت\".

لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا بەردەوام رێگرییان لە سەردانی ئەحمەد شەهید بۆ ئەو وڵاتە کردووە.