ئەحمەد شەهید جارێکی‌تر وەک ڕێپۆرتێری تایبەتی مافەکانی مرۆڤی ئێران دیاری کرا

16:04 - 5 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە و بۆ ماوەی ساڵێک ئەحمەد شەهیدی وەک ڕێپۆرتێری تایبەتی مافەکانی مرۆڤی ئێران دیاری کرد.

ئەمە شەشەمین ساڵی یەک لەدوای یەکە کە ناوبراو وەک بەرپرسی تاوتوێکردنی بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ بۆ ئێران دیاری دەکرێت.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان شووڕای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ٢٠ دەنگی ئەرێنی، ١٥ دەنگی نەرێنی و ١١ دەنگی بێ لایەن بڕیاری دیاریکردنی دووبارەی ئەحمەد شەهیدی وەک ڕێپۆرتێری تایبەتی مافەکانی مرۆڤ بۆ ئێرانیان پەسند کرد.

\"29830.jpg\"
ڕوسیە، چین و وێنزۆئێلا بەشێک لە وڵاتانی دژبەری ئەم بریارە بوون و لە بەرامبەریشدا زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و یەک لەوان بریتانیا بە ئاماژەدان دۆخی شپرزەی مافەکانی مرۆڤ لەم وڵاتە پێداگر بوون لە سەر دیاریکردنی دووبارەی ئەحمەد شەهید.

تائێستا بەهۆی دژایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ سەردانی ئەحمەد شەهید بۆ ئێران ناوبراو نەیتوانیوە لە نیزیکەوە بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لەم وڵاتە هەڵسەنگێنێت.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوبراو کە مانگی ڕابردوو بڵاو کرایەوە لە ساڵی ٢٠١٥دا نیزیک بە ١٠٠٠ کەس لە ئێراندا لە سێدارە دراون.

پێشتر محەممەد جەواد لاریجانی سەرۆکی ستادی مافی مرۆڤی هێزی دادوەری ئێران ڕایگەیاندبوو کە حکومەتەکەی دژی وەها بڕیارێک دەوەستێتەوە.