كەبوودوەند: لە هەمبەر پێشێل كردنی مافی مرۆڤدا بێدەنگی نەنوێنین

14:28 - 24 سەرماوەز 2711
كوردپا: محەممەد سەدیق كەبوودوەند لێپرسراوی رێكخراوی پشتیوانی لە مافی مرۆڤی كوردستان بە بۆنەی رۆژی مافی مرۆڤ، داوای لە خەڵكی ئێران كرد كەلە هەمبەر پێشێل كردنی مافی مرۆڤدا بێدەنگی هەڵنەبژێرن.

دەقی پەیامی كەبوودوەند روو بە خەڵكی ئێران:
خەڵكی بە شەرەفی ئێران
حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین ساڵە كە ماف و ئازادییە سەرەتاییەكانی خەڵكی ئێران بە نایاسایی ترین شێوە پێشێل دەكات، بە چەشنێك كە ئەمڕۆكە ئازادی، یەكسانی و برایەتی وەكوو بناغە و بنچینەی سەرەكیی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا لەبەرچاو ناگیردرێ‌ و مافی سروشتی و جەوهەری كە بریتین لە مافی ژیان، مافی ئازادیی رادەربڕین، خوێندن و خوشبەختی و مافی دیاری كردنی چارەنووس و بە شێوەیەكی گشتی مافە مەدەنی، سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكانی خەڵكی لەو وڵاتەدا راشكاوانە پێشێل دەكرێت و ئەو حاڵەتە پێشێلكارییانەی كەلە ئاستی نێودەوڵەتیدا دێنە بەرباس زۆر لە راستی نزیكن و شتێكن كە هەر رۆژە لەو وڵاتەدا روو دەدەن.
لێرە دایە كە زوڵم و زۆرێكی بەرچاو لە سەرجەم خەڵكی ئێران دەكرێت و پێویستە بێدەنگ نەبین و لە هەمبەر ئەو كردەوانەدا كەمتەرخەم نەبین و بۆ وەدستهێنانی ماف و ئازادییە سەرەتایی، ئینسانی، فەرهەنگی، مەدەنی و سیاسییەكانمان ئەوەی كەلە تواناماندا هەیە وەگەڕی بخەین و لەو پێناوەدا هەوڵ بدەین.

محەممەد سەدیق كەبوودوەند
زیندانی ئێوین: تاران 18‎ی سەرماوەزی 1390‎ی هەتاوی