ئێعدام کرانی دوو زیندانیی کورد لە دیزڵ ئاباد و رەجایی شاری کەرەج

22:14 - 28 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی یەک حەفتەی رابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا ئێعدام کران.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی ٢٠ خەرمانانی ئەمساڵ زیندانییەک لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان ئێعـدام کرا.

ناسنامەی ئەو زیندانییە \"مەنسوور کەرەمی\" بووە کە دەگوترێت لەو رۆژەدا سەرجەم چاوپێکەوتنی بنەماڵەی زیندانیانی زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان لەگەڵ رۆڵەکانیان هەڵوەشێندرابووویەوە.

هۆکاری ئیعدام کرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە.

هەروەها ماڵپەڕی هێرانا لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە رۆژی ٢٧ی مانگی خەرمانان ٤ کەس لە زیندانیانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج ئێعدام کران.

ناوی یەکێک لە زیندانیانە فەردین محەممەدی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بووە کە لە ٥ ساڵ پێش ئێستاوە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە زینداندا بووە.

دەگوترێت کە ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری سەقز، لە شاری تاران بە تاوانی کوشتنی هاووڵاتییەک دەستبەسەر و دواتر حوکمی ئێعدامی بۆ بڕاوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ناسنامەی ئەو سێ زیندانییەی دیکە کە لە رەجایی شاری کەرەج ئێعدام کران، بە نادیاری ماوەتەوە.

هەروەها بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای هاتنە سەر کاری دەوڵەتی حەسەن رۆحانی لە ١٥ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٩٣ هاووڵاتی لە وڵاتی ئێــران ئێعدام کراون کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٧ کەسیان هاووڵاتیی کورد بوون.