ئێعدام ، تێرۆر و کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان بە ئامار بڵاوکرایەوە

20:44 - 7 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: کتێبێک لە پەیوەندیی لەگەڵ ئێعدام، تێرۆر و کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان بە پێی ئامار و داتا چاپ و بڵاوکرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوکتور جەواد دانش‌پەژوه، نوسەری کوردی خەڵکی شاری مەهاباد و دانیشتووی وڵاتی ئوتریش لە کتێبێکدا لە ژێر ناوی \"کوشتاری بێ‌کۆتایی\" ڕەوتی ئێعدام، تێرۆر و کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستانی تاوتوێ کردووە.

\"\"دوکتور جەواد دانش‌پەژوه
لەو کتێبەدا هاتووە: خەڵکی کورد لە ڕاستای بەدەستهێنانی داواکارییەکانی خۆی لە ڕێگای وتووێژەوە تەواو هەوڵی خۆیان داوە،\"ڕووداوەکانی ساڵی ٥٧ی کوردستان\" بە باشی دەرخەری ئەو مەسەلەیە. ئەمە لە حاکێکدا کە هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر بڕیاری فتوای خومەینی لە مانگی گەلاوێژی ٥٨دا فەرمانی هێرش بۆ سەر شار و گوندەکانی کوردستانی دەستیپێکردووە، هاوکات خەڵخاڵیش لاوەکانی ئێعدام دەکرد و خەڵکی گوندەکانیش کە بریتی بوون لە ژن و منداڵ و خەڵکی بەساڵاچوو بە کۆمەڵ دەکوشت.

نووسەری ئەم کتێبە ئامارگەلێکی لە ئێعدام، تێرۆر و کوشتاری بە کۆمەڵ خەڵکی کوردستان چاپ و بڵاوکردووتەوە: زۆرترین تێرۆرەکان لە خاکی وڵاتانی دیکەدا ڕوویداوە کە ئەمەش خۆی نیشانەی بێشەرمی ئەو ڕێژیمەیە.

جەواد دانش‌پەژووه لە ساڵی ٧٠ ی هەتاوی وەکوو پەنابەر لە وڵاتی ئوتریش گیرساوەتەوە و ساڵی ٨١ی هەتاوی توانی دوکتورا لە بەشی زانستی پەروەردەیی لە زانکۆی وییەن بە دەست بهێنێت. ناوبراو لە ساڵی ٩١ی هەتاوی هەتا ئێستا لە ناوەندی مافی ئوتریش وەکوو وەڕگێر لەو ناوەندەدا کار دەکات.