ئێعدامی هاووڵاتییەکی دیکە لە زیندانی دێزڵاوای شاری کرماشان

13:32 - 17 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری کرماشان، لە لایەن دەزگای قەزایی ئەو شارەوە، لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئێعدام کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری کرماشان، بە ناوی \"کەیوان ڕاشخوار\" بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی یەکێک لە خزمەکانی، حوکمی ئێعدامەکەی لە زیندانی دێزڵاوای شاری کرماشان جێبەجێ کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پێنج ساڵ پێش، بە تۆمەتی کوشتنی کەسێکی دیکە، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە بە قیساس مەحکووم کرابوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، باسی لە جێبەجێ کردنی ئێعدامی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ئیلام، بە ناوی \"ئیحسان یەعقووبی\" کرد، کە لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک بە ناوی \"ئەمین ئایینی\" لە ساڵی ٩٣ی هەتاوییەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو دوو هاووڵاتییە، هەر دووکیان شوان بوون و لەسەر کێشەی زەویوزار بووەتە شەڕیان و ئێحسان، ئەمین ئایینی بە گوللە کوشتووە.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەممە، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بە ناوی \"ئەبووبەکر سەلیمی\" کوڕی سەلیم ناسراو بە \"کوێخا سەلیمـ\"یان جێبەجێ کردووە.