ئێعدامی دوو هاووڵاتیی کورد لە زیندانی شارەکانی میناب و مەراغە

14:37 - 31 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دوو هاووڵاتیی کوردی بە تۆمەتی پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەر لە سێدارە دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی ٢٥ ڕۆژ پێش بەرپرسانی زیندانی شارەکانی میناب و مەراغە، حوکمی ئێعدامی دوو هاووڵاتیی کوردیان جێبەجێ کرد.

ڕۆژی هەینی ٥ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری ماکۆ سەر بە پارێزگای ورمێ بە ناوی \"فەخرەدین ڕۆشنی\" تەمەن ٣٤ ساڵ بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی سڕکەر لە سێدارە درا.

ئەو هاووڵاتییە ئێعدام کراوە کوردە لە ساڵی ٩١هەتاوی دەستبەسەر و لەو کاتەوە لە زیندانی شاری مەراغەدا ڕاگیراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دواتر واتە ڕۆژی شەممە ٦ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی شاری ورمێ لە زیندانی میناب ئێعدام کرا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە\"ئەفشار بەیگلو\" تەمەن ٣٠ ساڵ ڕاگەیاندراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەفشار بەیگلو بە تۆمەتی هەڵگرتنی دوو کیلۆ و ٧٠٠ گرەم ماددەی سڕکەر لە جۆری تریاک و شیشە لە ساڵی ٩٠ی هەتاوی لە دادگای میناب حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپاوە و یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ ئەو حوکمە جێبەجێ کراوە.

ئێران پاش وڵاتی چین بە دووهەمین وڵاتی جیهان بە ئەژمار دێت لە ئێعدامی کردنی هاووڵاتییانی خۆی.

پێشتر عاسیمە جەهانگیر ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، نیگەرانی خۆی لە هەمبەر ئێعدام کردنی هاووڵاتییان لە ئێران دەربڕیبوو.