كێشەكانی فێستڤاڵی شانۆی كوردیی سەقز/دەسپێكی فێستیڤاڵی شارۆمەند

16:57 - 7 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: فێستیڤاڵی شانۆی كوردیی سەقز كە ساڵی 1378 لەسەر دەستی هونەرمەندانی شاری سەقز دەستی پێكرد، پاش سێزەد ساڵ و هەوراز و نشێوی زۆر لەلایەن لێپرسراوانی حكومەتییەوە، جێگای خۆی دەداتە شانۆی شارۆمەند.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی میهر، فێستیڤاڵی شانۆی كوردیی سەقز كە هەتا ئێستا 10 خولی بەڕێوە چووە، یەكێك لە رووداوە گرینگەكانی شانۆی كوردییە لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێرانە و پاش چەند جار گۆڕینی كاتی بەڕێوە چوونی، خولی نوێی ئەم فێستیڤاڵە ئەمساڵ بەڕێوە ناچێت و فێستیڤاڵی شانۆی شارۆمەند كە دوو ساڵە لە سەقز دەستی پێكردووە، خەریكە جێگای دەگرێتەوە.
\"5850.jpg\"
فێستیڤاڵی شانۆی كوردیی سەقز كە بەرەنجامی چەندین دانیشاتن و كۆبوونەوەی هونەرمەند و شانۆكارانی سەقز بوو، توانی ساڵ لە دوای ساڵ ببێتە هۆی زیندوو و ئەكتیڤ بوونی ئەم هونەرە و بەرزراگرتنی پێگەی شانۆی كوردی لە ئاستی ئێراندا، بەڵام كێشە، دژایەتی و كۆسپەكانی بەردەم ئەم فێستیڤاڵە، یارمەتی نەكردنی هونەرمەندان لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانی حكوومەتەوە بەرەبەرە بووە هۆی لاواز بوونی فێستیڤاڵی شانۆی كوردیی سەقز.

لە راپۆرتەكەی هەواڵدەریی میهردا هاتووە بەهۆی بەڕێوەبەریی لاوازی ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنان لە ماوەی ساڵانی 1384 هەتا 1388 بەهۆی بەرتەسك بوونەوەی فەزای وڵات بۆ ماوەی چوار ساڵ بەڕێوە نەچوو.

بە وتەی هێندێ‌لە كارناسان دابەزینی ئاستی كار و بەرهەمە بەشداربووەكان بوونەتە هۆكاری بەڕێوە نەچوونی و هەروەها بڕیاری ئەوە دراوە كە هەر دوو ساڵ جارێك بەڕێوە بچێت.

بەڵام بەڕای چالاكانی فەرهەنگی، هونەرمەنانی كورد بەشێكی زۆر لەو كار و چالاكییە فەرهەنگییانەی كە لەلایەن خودی هونەرمەندانەوە بە شێوەی خۆڕسك سەرهەڵدەدەن و جێگا و پێگەی خۆیان دەكەنەوە، دواتر بەهۆی دەستێوەردان و تەگەر و كۆسپ سازكردنی ناوەندە فەرهەنگییەكانی حكوومەت بڕیاری راوەستان یان دواخرانیان لەسەر دەدرێت.
\"5851.jpg\"
دووەمین خولی شانۆی شارۆمەند لە شاری سەقز كە ئەمڕۆ بەبەشداریی گرووپە شانۆییەكانی لە پارێزگاكانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، ئەردەبێل، ئەلبورز، ئیلام و چوارمەحاڵ بەختیاری، زەنجان، كرماشان، گیلان، قەزوین، لوڕستان، مەركەزی، هەمەدان و كوردستان دەستی پێكردووە، خولی یەكەمی كە بوودجەیەكی چوار بەرابەری فێستیڤاڵی شانۆی كوردیی سەقزی بۆ تەرخان كرابوو، بەڕای كارناسانی بواری شانۆ ئەو فێستیڤاڵە تژی بووە لە لاوازی و هەڵەی هونەری و بەشێكی زۆر لە بەرهەمەكان لە فێستیڤاڵە ناوچەیییەكانی دیكەدا پیشان دراون.

فێستیڤاڵی شارۆمەندی سەقز لە ئەمڕۆ سێشەممە رێكەوتی 7ی خەرمانانەوە بە بەشداریی 24 گرووپی شانۆیی ناوساڵۆن و سەرشەقام ده‌ستی پێکردوه‌ و هەتا 10ی خەرمانان ده‌خایه‌نێت و دوكتۆر قوتبەدین سادقی هونەرمەند و دەرهێنه‌ری ناوداری كورد سەرپەرستی لێژنەی داوەرانی هەر دوو بەشی فێستیڤاڵەكەی لە ئەستۆیە.