ئێران لەنێو ١٨٠ وڵاتدا پلەی ١٧٣ی بۆ ئازادیی راگەیاندن هەیە

20:17 - 23 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە حاڵێکدا حەسەن رۆحانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا باسی لە ئازادیی رادەربڕین و راگەیاندن کردبوو، بەڵام بە ەبراورد لەگەڵ ماوەی دەسەڵاتداریی پێشوو، هیچ گۆرانێک لە بواری ئازادیی راگەیاندن و رادەبڕیندا بەدی نەکراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە پلەبەندیی وڵاتانی سەرتاسەری جیهاندا بۆ ئازادیی راگەیاندن لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینیدا، پلەی ١٧٣ی هەیە.

لە راپۆرتێکی هەواڵنێرانی بێسنووردا، کە ئەمڕۆ پێنج‌شەمەم رێکەوتی ٢٣ی رێبەندان بڵاو کرایەوە سەبارەت بە ئازادیی راگەیاندن بۆ ساڵی ٢٠١٥ی زایینیدا هاتووە، کە ئێران لە نێو ١٨٠ وڵاتی جیهاندا لە پلەی ١٧٣دا جێگەی گرتووەو تەنیا لە حەوت وڵاتی وەکوو سوودان، ڤیێتنام، چین، سووریان تورکمەنستان، کۆریای باکوور و ئیریترە لە بواری ئازادیی راگەیاندندا پلەی باشتری هەبووە.

بەپێی پلەبەندیی ئەو رێکخراوە ناحکوومییە، وڵاتی فەنلاند لە پێنج سال پێش ئێستاوە بەردەوام لە پەلەی یەکەمی ئەو ریزبەندییەدایە و وڵاتی تورکمەنستانیش بە دوایین وڵات لەو ریزبەندییەدا دادەندرێت.

\"24746.jpg\"
بەپێ راپۆرتێکی هەواڵنێرانی بێسنووردا، ئێران لەنێو ١٨٠ وڵاتدا پلەی ١٧٣ی بۆ ئازادیی راگەیاندن هەیە
حکوومەتی ئیسلامی لە راپۆرتی ساڵی ٢٠١٤ی زایینیشدا، کە لەلایەن رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوورەوە بڵاو کرایەوە، لە پلەی ١٧٣دا بوو، کە بەو پێیە ئەمساڵیش هیچ گۆڕانێکی بەخۆیەوە نەبینیوە.

بەپێی ئامارەکان هەنووکە ٥٨ رۆژنامەنووس لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیدان و بەو هۆیەوە وڵاتی ئێران بە یەکێک لە پێنج زیندانی گەورەی رۆژنامەنووسان لە ئاستی جیهاندا ئەژمار دەکرێت.

سەرکوت و زیندانی کردنی رۆژنامەنووس و میدیاکاران لە وڵاتی ئێران لە کاتێکدایە، کە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ حەسەن رۆحانی لە وتوێژێکدا لەگەڵ کەناڵی \"سی ئێن ئێن\"، نکۆڵی لە هەبوونی رۆژنامەنووسی زیندانی لە وڵاتی ئێراندا کردبوو.

رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور کۆتایی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، تەنیا لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا ٢٥ رۆژنامەنووس و وێبلاگ‌نووس دەستبەسەر کراون و ١٤ ناوەندی راگەیاندنیش داخراون.

هەنووکە ١٣ رۆژنامەنووسی ناسراوی کورد، لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، کە تەنیا بەهۆی چالاکیی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسییەوە  دەستبەسەر و حوکمی زیندانی کرانیان بۆ براوەتەوە.