٩٥%ی ئیعدامەکانی ناوچە ئیتنیکەکانی ئێران ڕاناگەیەندرێت

20:15 - 19 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی زیندانەکانی سەربە دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران لە ساڵی ڕابردووی زایینی، ٩٦٩ کەسی لەسێدارە داوە.

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بەرزبوونەوەی لەسەدا ٢٩ی ڕێژەی ئیعدامەکان لە ساڵی ٢٠١٥، هێمای ڕەشترین ساڵەکانی تەمەنی حکوومەتیی ئیسلامی ئێرانە.

لەو ساڵەدا، ٩٦٩ هاووڵاتی لە ئێراندا ئیعدام کراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ئاماری ساڵانەی خۆی، ڕایگەیاند: ڕێژەی ئیعدامەکان لە ئێراندا نیشان دەدا کە سەرەڕای باشتربوونی پێوەندیی ئێران و وڵاتانی جیهان لە ٢٠١٥، ئەو ساڵە مەرگهێنەرترین لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو بووە.

لەو ڕاپۆرتە کە بەزوویی نوسخەی تەواوی بڵاودەکرێتەوە، هاتووە کە ٩٥%ی ئێعدامەکانی ناوچە نەتەوەییەکانی ئێران لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکان ڕاناگەتندرێت.

کوردستان، ئازەربایجان و بەلووچستان لەو ڕاپورتەدا ئاماژەیان بۆ کراوە.

نەبوونی کەشی کراوە، پێشگرتن بە ڕاگەینە سەربەخۆکان و سانسۆڕ لە گرینگترینی ئەو هۆکارانە دێتەهەژمار کە لەلایەن چالاکانی مەدەنی کورد وەکوو \" داخراویی زانیاری\" باسی لێو دەکرێت.

هەشتەمین ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ جەخت دەکاتەوە کە ئیعدامی ٢ تا ٣ کەس لەڕۆژێکدا، ناکۆکی لەگەڵ ئەو ڕاستییە هەیە کە لە ساڵی ٢٠١٥ کۆماری ئیسلامی لەداوای ساڵانێک تەریککەوتنەوە، پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە ڕیی ڕێککەوتنی ناوکی و لاچوونی گەمارۆکان، سەرنیای کردووە.

هەروەها حکوومەتی ئێران لەو ساڵەدا لانیکەم ١٩ ژنی لەسێدارە داوە و ٣ کەسی کە لەکاتی تێوەگلان بە تاوان تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ بووە، ئیعدام کردووە.

لە کاتی هەڵبژاردنی حەسەنی ڕووحانی لە جۆزەردانی ٩٢، لانیکەم ٢١٦٢ کەس لە سێدارە دراون. بەراورد کردنی دوو ساڵ و نیمی پاش هەڵبژاردنی ڕووحانی و دوو ساڵ و نیوی پێش هەڵبژردنی نیشان دەدات کە ڕێژەی ئیعدامەکان ٦٧% زیادیان کردووە.