٨٠%ی ئاوی گۆلی ورمێ وشک بووە

15:00 - 24 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٨٠% ئاوی گۆلی ورمێ وشکبووەو رۆژ لە دوای رۆژ ئاوی ئەو گۆلە زیاتر بەرەو وشکبوون دەچێت.

رۆژی رابردوو نوێنەری خەڵکی شاری ورمێ لە مەجلیسی ئێران رایگەیاند، دۆخی هەنووکەیی گۆلی ورمێ زۆر نالەبارە و٨٠%ی ئاوی گۆلی ورمێ وشکبووەو ئەمەش راستەوخۆ زوڵمێکە کەلە گۆلی ورمێ دەکرێت.

\"مەهدی عیسا زادە\" ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەرپرسانی پەیوەندیدار بە ئەنقەست لە چارەسەر کردنی کێشەکانی گۆلی ورمێ خۆ دەبوێرن و تەنانەت وەزیری وزە ماوەی یەک ساڵە لە وەڵامدانەوە بە پرسیارەکانی من خۆ دەبوێرێت.

لەلایەکی دیکەوە جێگری بەرپرسی ئیدارەی سەرچاو سروشتییەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا رایگەیاند، کە ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ بەبەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ٢٢ سانتی میتر نیشتۆتەوە.

ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستەڕوو باوری ئێکۆلوژی گۆلی ورمێ بە تەواوەتی تێکچووە و تەنانەت باڵندەکانیش ئەو گۆلەیان بەجێهێشتووە و چاوەڕوانی ئەوە دەکری لە ماوەی ئەمساڵدا گۆلی ورمێ بە یەکجاری لەناو بچێت.

لە ئێستادا ئیدارەی ژینگەپارێزی، وەزارەتی کشتووکاڵ، ئیدارەی ئاوی ورمێ، ئوستانداری ئازەربایجانی رۆژئاوا و وەزارەتی وزە، لە بەرپرسانی سەرەکیی رزگار کردنی ئەو گۆلە ناسێنراون، بۆیە لەنەبوونی بەرپرسیارەتییەکی یەکدەست و کارامە، هەڕەشەی وشک بوونی گۆلی ورمێ زیاتر بووە.

گۆلی ورمێ بە رووبەری ٥٧٠ هەزار هێکتار، زیاتر لە ١٠٠ دوورگەی گەورە و بچووکی تێدا هەڵکەوتووە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەهۆی بەستنی چەندین بەنداو لە دەور و پشتی ئەو گۆلە، بەروڕووی وشک بوون و لە ناوچوون بوونەتەوە بە شێوەیەک کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ ٦ میتر نیشتنەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
\"13944.jpg\"

\"13947.jpg\"

\"13945.jpg\"

\"13946.jpg\"