یەکەمین فێستیڤاڵی "هەنگوین" لە شاری پیرانشار بەڕێوەچوو
ئاژانسی کوردپا: یەکەمین فێستیڤاڵی "هەنگوین" لە هۆڵی پیرانشار بە بەشداریی ژمارەیەک لە مێشدارانی شارەکانی پیرانشار، مەریوان و شنۆ کە بەرهەمەکانی خۆیان پێشان دا، بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەر، تاکوو ١٢ی شەوی ڕۆژی هەینی، لە هۆڵی ٢ هەزار کەسیی شاری پیرانشار یەکەمین فێستیڤاڵی "هەنگوین" بەڕێوەچوو.
لەم فێستیڤاڵەدا کە لە لایەن "تعاونیی مێشدارانی پیرانشار" ڕێک خرابوو، مێشدارانی ناوچەی پیرانشار و چەندین مێشداری شاری مەریوان و شنۆ بەشدارییان کردبوو.
لە لایەن هاووڵاتییان و میوانانەوە پێشوازی لە زەحمەتی یەک ساڵەی هەنگەوانانی ئەو ناوچەیە کرا و خەڵاتی باشترین بەرهەمیش ئاراستەی "سەمیع ئیبراهیمپوور" کرا.
بڕیارە خەڵاتی "شاری هەنگوین" بە شاری پیرانشار و ناوچەی پیرانشار بدرێت.
هەموو ساڵێک، کاتی وەرزی هەنگوین، مێشدارانی شارەکانی میاندواو، نەغەدە، محەممەدیار و شنۆ و زۆربەی شارەکانی دیکە، بەهۆی کەشوهەوای گونجاوی پیرانشار، ڕوو دەکەنە ناوچە و کوێستانەکانی ئەم شارە.