یەکەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی ژینگە لە مەریواندا بەڕێوەچوو

ئاژانسی کوردپا: بە بەشداریی خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان، یەکەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی ژینگە، لەسەر گڵکۆی ئەم شەهیدانە، بەڕێوەچوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی خەرمانان، لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا، خەڵکی مەریوان و کوردستان، لەسەر گڵکۆی کاک \"شەریف باجوەر\" و کاک \"ئومید کۆنەپۆشیـ\"ـدا ئامادە بوون و یادی شەهیدانی ژینگەیان بەرز ڕاگرت.

لەم ڕێوەڕسمەدا، سەرجەم ئەنجومەنەکانی ڕۆژهەڵات، بەتایبەت ژینگەپارێزان، ئەنجومەنەکانی ئەدەبی و هونەری بەشدار بوون و پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکان خوێندرایەوە و سوێندی وەفا بە ڕێبازی شەهیدان دووپات کرایەوە.

لە بەشە جۆربەجۆرەکانی ئەم ڕێوەڕسمەدا، خەڵک و ڕێکخراوەکان، بە دانانی دەستە گوڵ، خوێندنەوەی شێعر و پەخشان و پێشکەشکردنی وتار، ڕێوەڕسمەکەیان ڕازاندەوە.

لە هەمان کاتدا تیمی پاسکیل‌ سوارانی بانە کە پێکهاتبوون لە چوار کەس، مەودای نێوان شاری بانە هەتا سەر گڵکۆی شەهیدانیان لە مەریوان، بە پاسکیل پێوا.

شەهیدان \"شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژوهی\"، ساڵی ڕابردوو، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی گوندی \"پێڵە\"ی مەریوان، لە ڕووداوێکی گوماناویدا، تووشی سووتان بوون و گیانیان لەدەست دا.

دوای ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، چەندین کۆڕ و ڕێوڕەسم و چالاکی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی سەوز لە هەموو کوردستان و ئێران و تەنانەت جیهاندا، بەڕێوەچوو.