یەکێک لە یارمەتیدەرەکانی بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان دەسبەسەر کرا

15:45 - 23 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە یارمەتیدەرەکانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕ، یەکێک لە یارمەتیدەرەکانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، بە ناوی \"سام عەباسی گوورەجوویی\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کرماشان ڕاگوێزرا.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەم هاوڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە، بەڵام نزیکانی ئەم هاوڵاتییە کوردە ڕایانگەیاندووە، کە ناوبراو بە تۆمەتی \"یارمەتیگەیاندنی بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەلێدراوەکان، بەبێ هاوئاهەنگی و ئاگاداریی دەسەڵاتداران\"، دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕ، سێ هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"عەتا فەتاحی کوڕی محەممەد، خەڵکی گوندی سەردۆش، وریا فەرەجی تەمەن ٣١ ساڵ، کوڕی عەبدوڵڵا، خەڵکی گوندی \"نێ\" و هوشیاری کەسرایی تەمەن ٤١ ساڵ، کوڕی ڕەشید خەڵکی گوندی \"نێ\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەریوانەوە دەسبەسەر کراون.