یەکێک لە کچانی شیناوێ: من ئیتر لە ئاوێنە بێزارم

20:50 - 7 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: کچانی قوتابخانەی شیناوێ کە نزیک بە ٧ ساڵ پێش بە هۆی ئاگر گرتنی یەکێک لە پۆلەکانی خوێندن لە قوتابخانەی شیناوێ تووشی سووتانی لە ڕادەبەدەر بوون، پاش ٣٦٠ جار نەشتەرگەری، ‌هێشتا بە دەم ئازار و ئێشە دەناڵێنن.

ڕۆژنامەی \"قانوون\" لە وتوویژێکدا لەگەڵ کچانی شیناوێ لە ژێر سەردێری، \"من از آینە بیزارم\" پێکهێناوە، کە هەر یەکێک لە کچەکان بە جۆرێک باسی ئازار نەهامەتییەکانی خۆیان دەکەن.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بە پشتبەستن بە ڕۆژنامەی قانوون کورتەیەک له لێدوانی چەند کەس لەو کچانە بڵاو دەکاتەوە کە بەم شێوەیە:
سیما مواردی: نامهەوێ ئیتر بۆ دەوڵەت کار بکەم، چوونکە زوڵمی لە هەموو کچانی شیناوێ کرد، هێندە بۆ دەوڵەت قورس نەبوو کە تێچووی دەوا و دەرمانی ئێمە بە تەواوی بدات، یان ئێمە ڕەوانەی دەرەوە بکات، هەتا ئێمە بگەڕینەوە ژیانی ئاسایی خۆمان.

شادی ئیبراهیمیان: ئیتر من داواکارییەکەم لە بەرپرسان نییە، تەنیا پرسیارێکم هەیە؛ ئایا ئەگەر منداڵەکانی خۆتان لەگەڵ وەها ڕووداوێک ڕووبەڕوو دەبوون، بە هەمان شێوە هەڵسوکەوتان دەکرد؛ یانی پشکی ئێمەی منداڵان لە پارەی نەوتی ئەم وڵاتە چاکبوونەوەمان نەبوو؟!.

نادیە ساڵح: هەتا ئێستا چوار کەس لەو ١٢ کەسەمان دەستی داوەتە خۆکوژی و ئێمەیش بەردەام بیر لە خۆکوژی دەکەینەوە.

ئەسمەعە دروی: شایەت بۆتان سەرنجڕاکێش بێت کە تەنانەت ئێمە ناتوانین کارتی میللی وەربگرین، قامکەکانمان لە ناوچوونه و شوێن پەنجەمان نییە، ئێمە لەو مافە بێبەرین.

موبینا پەرکەم: من ئارەزوویەکم لە ژیاندا نییە؛ تەنیا دەمهەوێ بۆ جاریکش بووە گوارە لە گوێ کەم، بەڵام ناتوانی چوونکە هەر دوو گوێکانم لە دەست داوە.

ئارەزوو تاهیر ئابادی: من لە ئاوێنە بێزارم، لە مێژە خۆمم لە ئاوێنەدا نەدیتووە، سووتاوی، ئێمەی لە هەموو شتێ بێبەری کردووە، حەزم دەکرد برۆم هەبێت بەڵام نیمە و هەر ڕۆژ پێش لە هەموو کارێ دەبێت، بە قەڵەم بڕۆکانم دروست بکەم.

فەریدە ئومیدوار: من حەزم دەکرد یاری والیباڵ بکەم، بەڵام قامەکەکانم نەماون و ئیزنی ئەو کارم پێی نادات.

سیما شادکام: من ماوەیەکی تووشی خەمۆکیەکی تووند بووم کە لە زۆربەی کاتەکاندا لە هۆشی خۆم دەچم، دەڵێن بە هۆی زۆری ڕێژەی خەموکییەکەمەوەیە.

ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ٩١ی هەتاوی، ٣٧ قوتابی کچ بە هۆی ئاگرگرتنی یەکێک لە پۆلەکانی خوێندن لە قوتابخانەی شیناوێ تووشی سووتانی لەڕادەبەدەر بوون و دوو قوتابیش بە ناوەکانی \"سەیران یەگانە و \"سارینا ڕەسووڵزادە\" بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست دا.

بە وتەی حوسێن ئەحمەدی‌نیاز: \"لە ماوەی ئەو ٦ ساڵەدا، هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٦٠ نەشتەرگەری بۆ ئەو کچانە کراوە، دەبێت دەوڵەت قەرەبووی ئەو خەسارەتە گیانییەی زیانلێکەوتووان بکاتەوە.