یەکێک لە زیندانیانی دۆسیەی قەرەسەقەل بێتاوان دەرچوو

21:33 - 9 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حوکمی بێتاوانی یەکێک لە تۆمەت لێدراوەکانی دۆسیەی قەرەسەقەلی بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆسیەی تۆمەت لێدراوانی قەرەسەقەل پاش ڕەتکردنەوەی لە لایەن دیوانی باڵای وڵات، جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ تاوتوێ کرا و تۆمەت لێدراوانی ئەو دۆسیەیە جارێکی دیکە دادگایی کرانەوە.

بەپێی ئەو حوکمە کە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٦ دەرچووه، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، کوڕی ئەبووبەکر مەحکووم بە ئێعدام، حاسڵ عەزیزی، کوڕی ئیبراهیم بە ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری، جەلال مەسرووری، کوڕی مەولوود بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری، کەماڵ مەسرووری بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری، محەممەد زاهیر فەرامەرزی بە ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری، یەعقووب بائیکڕام بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و سدیق با‌ئیکڕامیش بەبێ تاوان دەرچوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: دۆسیەی تۆمەت لێدراوانی قەرەسەقەل مانگی خەزەڵوری ساڵی ڕابردوو بۆ لقی دوو دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بەڕێ کراوە و لە دادنامەی ئەواندا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەو چەند هاووڵاتییە لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان بێتاوانن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەپێی ماددەکانی ١٢٦.١٢٧.٢٨٧.٢١١.١٨.١٩.١٣١ بە ئێعدام و ئەو کەسانەی دیکە بەپێی ماددەی ١٣١ دادگایی دەکرێنەوە.

ئەو سەرچاوە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، سپای پاسداران لە دەرکردنی ئەو حوکمەدا دەستی هەبووە و دیوانی باڵای وڵات بە دادوەرەکانی ڕاگەیاندووە کە هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەپێی ماددەی ٢٨٨ بە پێنج هەتا ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم بکرێت.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، تۆمەت لێدراوانی دۆسیەی قەرەسەقەل بۆ تاوتوێ کردنی دۆسیەکەیان سەردانی هەر ئۆرگانێکی دەوڵەتی دەکەن، ئەو ئۆرگانانە داوای پارەیان لێ دەکات.

حاسڵ عەزیزی یەکێک لە تۆمەت لێدراوانی دۆسیەی قەرەسەقەل پاش ئازادبوونی بە دانانی بارمتە زێدی خۆی بە جێهێشتووە و لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران نیشتەجێبووە.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی \"قەرەسەقەل\" سەر بە شاری شنۆی بە تۆمەتی\"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مەحکووم کردبوو.

مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ئەنجامی شەڕو تێکهەڵچوون کە لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سپای پاسداران لە گوندی قەرەسەقەل شەش کەس لە پێشمەرگەکان گیانیان لەدەستداو ژمارەیەک لە هێزەکانی سپا کوژران و بریندار بوون.