یەکێکی دیکە لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی سەردەشت کۆچی دوایی کرد

16:17 - 9 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێکی دیکە لە هاووڵاتییانی شاری سەردەشت بە هۆی بەرکەوتنی چەکی کیمیایی لەو شارە پاش ساڵانێک ئێش و ئازار کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٩ی بانەمەڕ، یەکێک لە هاووڵاتییانی بەرکەوتووی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت بەناوی\"محەممەد ئەمین مستەفا پوور\" ناسراو بە حمەدمین مام باپیری قالەسوورێ\"، گیانی لە دەست دا.

هەواڵی نێردروا لەلایەن هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە شاری سەردەشت، باس لەوە دەکات کە: ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ڕیژەی لە سەدا ٥٠ تووشی کەم ئەندامی ببوو.

\"\"
محەممەد ئەمین مستەفا پوور
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، محەممەد ئەمین سی ساڵ پێش بە هۆی کیمیایی بارانی شاری سەردەشت لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی بەعسەوە تووشی کەم ئەندام بووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بە شێوەی پێویست ئاوڕیان لێ نەداوەتەوە.

پێشتریش، لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی\"ڕەش هەرمێی\"ی شاری سەردەشت بەناوی\"قادر مەولان پوور\" هەر بەم هۆیەوە گیانی لە دەست دا.

زۆربەی برینداران و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت، پاش ٣٠ ساڵ لەو رووداوە، هەتا ئێستاش، لە خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی بێبەرین.

شاری سەردەشت ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ و شاری هەڵەبجەش رێکەوتی ٢٥ی رەشەممەی هەمان ساڵ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتی عێراقەوە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا کیمیاباران کران.

هەروەها ژمارەیەک لە شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق‌دا هێرشی کیمیاییان کرایە سەر، کە شاری نۆدشە (سێ جار) و گوندەکانی زەردە، سەرمیل و دەیرە لە ناوچەی داڵاهۆ لەوماوەیەدا بۆردومانی کیمیایی کران.