یەکێکی دیکە لە بەرکەوتوانی کیمیابارانی شاری نۆدشە گیانی لەدەست دا

15:14 - 9 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە قوربانیانی بۆردومانی کیمیایی شاری نۆدشە لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا بەهۆی بەرکەوتنی چەکی کیمیایی شەڕەوە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی گەلاوێژ، یەکێکی دیکە لە بەرکەوتانی چەکی کیمیایی شاری نۆدشەی سەربە ئوستانی کرماشان، بەناوی \"رەحیم مەقرووزی\" لە نەخۆشخانەی \"ئیمام رەزا\"ی کرماشان گیانی لەدەست دا.

ئەو بەرکەوتووەی چەکی کیمیایی کەلە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا گیانی لەدەست دا، ماوەی ٢٦ ساڵ بوو بەدەست تەنگە نەفەسییەوە دەیناڵاند.

رەحیم مەقرووزی حەفتەیەک بەر لە ئێستا بەهۆی تێکچوونی باری تەندرووستییەوە لە نەخۆشخانە خرابوویە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوەو تەنانەت تێچووی نەخۆشخانەش لە ئەستۆی بنەمالەی ئەو بەرکەوتووەی چەکی کیمیایی بوو.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاک رەحیم یەکێک لەو کەسانە بووە، کە لە کاتی بۆردومانەکەدا بە مەبەستی یارمەتی گەیاندن بە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی چۆتە شوێنی رووداوەکە و لە ئەنجامدا ئەویش بۆتە قوربانیی چەکی کیمیایی.

سەرەتای مانگی خەرمانانی ساڵی رابردوو (١٣٩٢)، یەکێکی دیکە لە بەرکەوتوانی کیمیابارانی شاری نۆدشە بەناوی فایەق فەلاحی گیانی لەدەست دا.

نۆدشە لە مەودای ١٠ کیلۆمیتریی سنووری وڵاتی عێراق هەڵکەوتووەو لە ماوەی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا کیمیاباران کرا و لە ماوەی ٢٦ سالی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ کەس، لە کۆی ٥٠٠ کەسی بەرکەوتووی چەکی کیمیایی، گیانیان لەدەست داوە.