یەکیک لە بریندارەکانی تەقینەوەی بومب لە شاری هەولێر گیانی لە دەست دا

16:50 - 11 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە قوربانیانی تەقینەوەی بۆمبی لکێندراو به ماشێن لە شاری هەولێر بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەباح ڕەحمانی خەڵکی شاری کامیاران یەکێک لە قوربانیانی بۆمبی لکێندراو به ماشێن، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر گیانی لە دەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە تەمەن ٣٣ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

ئێوارەی پێنجشەممە ١٠ی ڕەشەمە، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"سەلاح و سەباح ڕەحمانی\" خەڵکی شاری کامیاران، لە گەڕەکی بنەسڵاوەی شاری هەولێر کرانە ئامانجی بۆمبێک و بە توندی بریندار بوون.

ئەو بۆمبە بە ماشێنی شەخسیی سەلاح ڕەحمانی لکێندرابوو و پاش ئیستارت لێدانی ماشێنەکەی، بۆمبەکە تەقیوەتەوە.