یووسف ڕەحمانی بە دانانی بارمتە لە زیندانی شنۆ ئازاد کرا

11:07 - 27 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، یووسف ڕەحمانی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادگایی لە زیندانی شنۆ ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، "یووسف ڕەحمانی" خەڵکی گوندی "خورشتـ"ـی شاری شنۆ، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئەمنییەتیی ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە دوای تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.