ئیلام/ شارەوانیی \"تەوحید\" پاشماوەی هاووڵاتییان لە شوێنەوارە میژووییەکان فڕێ ئەدات

14:04 - 15 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: شوێنەواری مێژوویی \"هەلیلان\" لە نزیک شاری تەوحید لە ئوستانی ئیلام، بەهۆی کەڵەکە بوونی زبڵ و پاشماوە، بەرەوڕووی مەترسیی لەناوچوون بۆتەوە.

شارەوانیی شاری تەوحید لە کردەوەیەکی سەرسووڕهێنەردا، زبڵ و پاشماوی خەڵکی لە داوێنی چیای \"خۆراڵات\" کۆکردۆتەوە و ئەمەش نیگەرانیی و بەداخبوونی چالاکانی ژینگەپارێزیی بۆ ئەو شوێنە مێژووییە لێکەوتۆتەوە.

\"16576.jpg\"
شارەوانیی شاری تەوحید پێشتر هەموو زبڵ و پاشماوەی لە دەوروبەری چۆمی سەیمەرە فڕی ئەدا و هەنووکە داوێنی چیای خۆراڵاتی بۆ تێکدانی ژینگەی ئەو ناوچەیە دەستنیشان کردووە
شاری تەوحید لە ناوچەی \"شیروانی چەرداوڵ\"ی سەر بە ئوستانی ئیلام هەڵکەوتووە و هاوکات شارەوانیی شاری تەوحید دەوروبەری چۆمی \"گاماسیاو\"ی بە زبڵ و پاشماوی هاووڵاتییان پڕ کردووە.

هەواڵدەریی ئیسنا بە ئاماژە کردن بە جاددەی هەلیلان بۆ کرماشان و لە زاری چالاکێکی ژینگەپارێزییەوە بڵاوی کردەوە، بۆنی زبڵ و پاشماوە ئەو ناوچەیەی تەنیوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە گەشتیاران بە کەمی روو لە ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەو ناوچەیە بکەن.

\"16575.jpg\"
له جاددەی هەلیلان بۆ کرماشان بۆنی زبڵ و پاشماوە ئەو ناوچەیەی تەنیوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە گەشتیاران بە کەمی روو لە ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەو ناوچەیە بکەن.
نابەرپرسیارەتیی ناوەندە حکوومەتییەکان سەبارەت بە کۆکردنەوەی زبڵی شاری تەوحید و گوندی \"کەهرە\" لە حاڵێک دایە کە بەپێی هەڵدانەوە و دۆزرانەوەی ئاسەوارە مێژووییەکان، ناوچەی هەلیلان بەگشتی ١٦٠ تەپۆڵکەی مێژوویی لەخۆ گرتووە.

مێــژووی ناوچەی کەونارا و مێژوویی هەلیلان بۆ قۆناغەکانی چاخی بەردین و چاخی حەوت جۆش دەگەڕێتەوە.

بەوتەی چالاکانی ژینگەپارێزی، \" شارەوانیی شاری تەوحید پێشتر هەموو زبڵ و پاشماوەی لە دەوروبەری چۆمی سەیمەرە فڕی ئەدا و هەنووکە داوێنی چیای خۆراڵاتی بۆ تێکدانی ژینگەی ئەو ناوچەیە دەستنیشان کردووە\".

بەخشی هەلیلان کە لە ئوستانی کوردنشینی ئیلام هەڵکەوتووە، نزیک بە حەڤدە هەزار کەس حەشیمەتی هەیە.