ئیلام/ زیاتر لە ١٠٠ راوچی دەستبەسەر و بە سزای نەختی حوكم دراون

15:50 - 5 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: لە سەرەتای ساڵی \" ١٣٩٣( شەش مانگی یەکەم)‌\" ،١٠٧ راوچی سەرپێچیكار لە ئیلام دەستبەسەر كراون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لێپرسراوی یەكەی پاراستنی ژینگەی ئیلام رایگەیاندووە، لەنێوەی یەكەمی ئەمساڵدا ١٠٧ راوچیی نایاسایی و سەرپێچیكار لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانەوە دەستبەسەر و بە سزای نەختی حوكم دراون.

بازیار بە هەواڵدەریی (ئیرنا)ی وتووە، ئەو راوچییانە سەرجەم بە دانی ٢٦ ملوێن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزا دراون.

بەپێی ئەو ئامارە لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا ٤٦ راوچی و لە وەرزی هاوینیشدا ٦١ كەسی دیكە لە كاتی راوكردندا دەستبەسەر كراون.

دەستبەسەركردنی ئەو راوچیانە لەحاڵێكدایە كە ماوەی یەک ساڵە لە كوردستان رەوتێكی بەربڵاو واز هێنانی راوچییەكان لە راوكردن دەستی پێكردووە و زۆربەیان چەك و قەفەسەكانی خۆیان شكاندووە.

ئەو راوچیانە لەكاتی راو كردنی ماسی، باڵندە، خشۆکە و ئاژەڵی گواندار، بازرگانی كردن بە ئاژەڵەكانەوە دەستبەسەر كراون.

لەپارێزگای ئیلام تەنیا ٦٠ كەس وەكوو ژینگەپارێز بوونی هەیە.

بەوتەی چالاكانی ژینگەپارێزی، سروشت و ناوچە داپۆشراوەانی ئوستانی ئیلام پێویستی بە زیاتر لە ١٥٠ ژینگەپارێز هەیە.

بەرپرسی یەكەی پاراستنی ژینگەی ئیلام ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەر لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ٥٧ قەبزە چەكی راوكردنیشیان زەوت كردووە.

ئەو سەرپێچیكاری و ڕاو كردنانە زیاتر لە شارەكانی ئیلام و مێهران رووی داوە و زیاتر لە شەودا ئەنجام دراون.

ئوستانی ئیلام بە یەكێک لەناوچەكانی ژینگەی ئاژەڵان دێتە ئەژمار و هەتا ئێستا ١٩٤ جۆری باڵەندە، ٣٤ گواندار، ٣٤ جۆری خزوكە و ٣٩ جۆری ماسی تێیدا شناسایی كراوە.