ئیسماعیل محەممەدپوور لە زیندانی نەغەدە لە دەوا و دەرمان و مەرەخەسی بێبەری کرا

18:46 - 10 خەرمانان 2722

ئیسماعیل محەممەدپوور، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری پیرانشار، کە لە زیندانی نەغەدە دایە، سەرەڕای نەخۆشیی دڵ، لە دەوا و دەرمان و دەستپێڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی پزیشکی بێبەری کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندانی نەغەدە بۆ چارەسەری پزیشکیی ئەو زیندانییە سیاسییە، هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە و ئەو زیندانییە سیاسییەیان لە ڕەوانەکردنی بۆ ناوەندێکی دەرمانی بێبەری کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو زیندانییە سیاسییە لە کاتی گواستنەوەی بۆ زیندانی نەغەدە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی هەتا ئێستا، لە مافی مەرەخەسی بێبەری کراوە و بەرپرسانی زیندانی نەغەدە، لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی ناوبراو، دژایەتییان کردووە".

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە، کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری پیرانشار، بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەبدوڵڵا ئاقایی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئیسماعیل محەممەدپوور ئێوارەی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٩، دسبەسەر و ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەزی هەمان ساڵ پاش لێپرسینەوە لێیان بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کرابوو.