ئیزن نەدرا محەممەد نەزەری وەکاڵەتنامەی نوێ واژۆ بکات

20:47 - 9 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: پارێزەران لە چاوپێکەوتن لەگەڵ محەممەد نەزەری، زیندانیی مانگرتوو لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج بێبەرین.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ٩٠ ڕۆژ لە مانگرتنی محەممەد نەزەری لە خواردن، بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی‌شارەی کەرەج، ئیزنی چاوپێکەوتنیان بە پارێزەری ئەو زیندانییە کوردە نەداوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پارێزەری دۆسیەی محەممەد نەزەری، چەند جارێک بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو سەردانی زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەجی کردبوو، بەڵام بەرپرسانی زیندان لەگەڵ داواکارییەکەی ڕەزامەندیان دەر نەبڕیبوو.

ئەو سەڕچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پارێزەری دۆسیەی محەممەد نەزەری وەکاڵەتنامەی نوێیان ساز کردووە، کە دەبێت محەممەد نەزەری واژۆی بکات.

بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، ڕایانگەیاندووە، ڕێگادان بە واژۆ کردنی ئەو وەکاڵەتنامەیە و چاوپێکەوتنی نەزەری بە پارێزەرەکەی بە مەرجی شکاندنی مانگرتنەکەی جێبەجێ دەکرێت.

ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەر، تیمێکی پزیشکی یاسایی شاری کەرەج کە سەردانی محەممەد نەزەریان کردبوو و نابراویان چارەسەر و باری تەندروستیان بە جێگر تۆمار کردووە، بەڵام یەکێک لە پزیشکانی ئەو تیمە لە وڵامی یەکێک لە هاوبەندییەکانی محەممەد نەزەری گوتبووی: مەترسی راوەستانی دڵ هەرەشە لە محەممەد نەزەری دەکات و سەرەڕای بارودۆخی هەنووکەیی ناوبراو ئەگەر درێژە بە مانگرتنەکەی بدات، لەوانەیە هەتا دوو حەتووی دیکە زیندوو نەبێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، محەممەد نەزەری بە سەختی دەتوانی بدوێت و توانایی هاتووچۆ کردنی لە دەست داوە و لە لایەن هاوبەندەکانییەوە جێبەجی دەکرێت.

محەممەد نەزەری، لە پەیامێکدا کە لە ڕێگای یەکێک لە هاوبەندەکانییەوە بڵاو کراوتەوە، پێداگریی لە سەر درێژەدان بە مانگرتنەکەی خۆی کردووە و ڕایگەیاندووە: \"من دەچمەوە بۆکان چ بە مردووی بێت چ بە ئازاد بوونم؛ گوێ نەدان بە ٨٨ ڕۆژ مانگرتنم ناتوانێ من لە بڕیارەکەم کە کۆتاییەکەی لە هەر حاڵدا ئازاد بوونە، ڕاوەستێنێت\".

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد، خەڵکی شاری \"ساین قەڵا\"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە.

ناوبراو یەکێک لە دێرینەترین زیندانییانی سیاسیی کوردستان و ئێرانە، کە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و چالاکیی تەبلیغی بۆ ئەو حیزبانە دەسبەسەر کراوە و دادگا بەبێ بوونی پارێزەر و بە سەرۆکایەتی دادوەر \"جەلیل زادە\"، بەرپرسی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ناوبراوی بە ئێعدام مەحکووم کرد.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجایی‌شاری کەرەج لە دەسبەسەری دایە و لە مافی چوونە مەرەخەسیی بێبەرییە.

محەممەد نەزەری، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە مانەوەی دوو دەیە لە زیندان، لێوەکانی خۆی دووری و هاوکات بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٥، دادستانی حکوومەتی ئێران بە ناردنی نامەیەک بۆ محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج دژایەتی خۆی بە لێبوردنی ناوبراو دەربڕی.