ئیدارەی ئیتلاعات پێشی بە مورەخەسیی زیندانییەكی سیاسیی گرت

14:41 - 7 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: سەڕەرای ئەوەی كە لێپرسراوانی زیندانی رەجایی شاری كەرەج ئیزنی مورەخەسیان بە \"رەسووڵ بوداغی\" دابوو، بەڵام لەلایەن لێپرسراوانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دژایەتی لەگەڵ ئەو بڕیارە كرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رەسووڵ بوداغی زیندانیی سیاسیی دەستبەسەر كراو ماوەیەك بوو لە هەوڵی وەرگرتنی مورەخەسیدا بوو و لە ئەنجامدا لەلایەن لێپرسراوانی زیندانی رەجایی شارەوە ئەو ئیزنەی پێدارا.

ئەمە لە حاڵێك دایە كە ئیدارەی ئیتلاعات دژایەتی لەگەڵ دانی مورەخەسی بەو مامۆستا و زیندانیە سیاسییە دەربڕیوە.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو زیندانەوە، ئیدارەی ئیتلاعات داوای دانانی وەسیقەی 500 میلیون تمەنی لە رەسووڵ بوداغی كردووە.

بوداغی ئەندامی كانوونی سینفی مامۆستایانی ئێرانە و ماوەی سێ‌ ساڵە بە تاوانی هەوڵدان بەدژی \"ئەمنیەتی میللیی\" دەستبەسەر و لە زیندان دایە.

ئەو هاووڵاتییە بە شەش ساڵ زیندان سزا دراوە.

ماوەیەك لەمەوبەریش دایكی ئەو زیندانییە سیاسییە كۆچی دوایی كرد، بەڵام لەلایەن لێپرسراوانی ئەمنیەتیی زیندانی رەجایی شەهرەوە ئیزنی بەشداری لە رێوڕەسمی پرسەكەی بە رەسووڵ بوداغی نەدرا.