ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لە بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان کرد

13:00 - 13 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری مەهاباد، لە پێوەندی لەگەڵ خۆپێشاندەران، هەڕەشەیان لە بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانبار، خوسرەو کوردپوور، بەرێوەبەری کاناڵی تێلگرامی ئاژانسی موکریان و چالاکی مافی مرۆڤ لە شاری مەهاباد، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ڕێگای تەلەفۆن \"هەڕەشەی ئەمنییەتیی\" لێ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: هێزەکانی ئیتلاعات لە ڕێگای تەلەفۆنەوە ڕۆژی شەممە پەیوەندییان بە ناوبراوە گرتووە، کە لە ئەگەری بڵاوکردنەوەی هەواڵی پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، دەسبەسەر دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: مەئموورانی ئیتلاعات بە کوردپووریان وتووە، ئەو نارەزایەتییانە نایاسایین و هیچ ڕەوایەکییان نییە و بڵاوکردنەوەی هەوڵی پەیوەندییدار لەو بارەوە قەدەغەیە.

پێشتریش، خوسرەو کوردپوور لە بەرەبەری هاتنی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد سەرکۆماری پێشووی ئێران، داوای ڕوون کردنەوەی دۆسیەی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملووی لە ناوبراو کردبوو.