ئیدارەی ئیتلاعات بەناردنی کورتەنامە هەڕەشە لە چالاکانی ناوخۆ دەکات

19:07 - 26 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ناردنی کورتەنامە، هەڕەشەی سزا دان لە هاووڵاتییان و چالاکانی کوردی ناوخۆی وڵات دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە ماوەی رۆژانی رابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی زۆربەی شارەکانی کوردستان بە ناردنی کورتەنامە هەڕەشەی سزادانی لەو کەسانە کردووە، کە لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات پەیوەندیی تەلەفۆنییان هەبووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئیدارەی ئیتلاعات، پەیوەندی گرتنی ئەو هاووڵاتییانەی بە میدیاکانی دەرەوەی وڵات، بە هەڵوێستی دژە ئەمنیەتی لە قەڵەم داوە و نووسیویەتی؛ کە بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامی هەڵسووکەوتی لەگەڵ‌دا دەکرێت.

ئەو کورتەنامەیە بە ژمارەی ٦٠٠١١٣ بۆ هاووڵاتییان نێردراوە، و تیایدا هاتووە، کە لەگەڵ میدیای حیزبە کوردییەکانی دەرەوەی وڵات و کەناڵەکانی بی‌بی‌سی و دەنگی ئەمریکا، پەیەوەندیی تەلەفۆنیتان هەبووە.

هاووڵاتییان و چالاکانی ناوخۆ لەو باوەڕەدان، کە ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەیانهەوێ لەو رێگەیەوە پەیوەندیی چالاکانی ناوخۆ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات بپچڕێنن و بەو شێوەیە تووشی لێک دابڕانیان بکەن.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ رایگەیاند؛ لەماوەی حەفتەی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ کەس ئەو کورتەنامەیان بۆ نێردراوە، کە دەقی ئەو نامەیە تیایدا نووسراوە، \"ئێوە کەتوونەتە ژێر کاریگەریی تەبلیغاتی خراپ و دژە ئەمنییەتیی میدیاکانی سەربە بێگانەکان، بۆیە لەئەگەری پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات بەپێی یاسا سزادانی ئیسلامی بە تاوانبار دەناسرێی و لەگەڵت هەڵسووکەوت دەکرێت\".