ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە سێ ئەندامی بنەماڵەی گوڵپەری‌پووری دەستبەسەر کرد

16:36 - 26 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: سێ ئەندامی بنەماڵەی حبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور، زیندانیی سیاسیی کوردی لەسێدارەدراو، لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، سەرلەئێوارێی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە یەکێک لە کۆڵانەکانی شاری سنەدا عێزەت گوڵپەری‌پوور(برای حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور)یان دەستبەسەر کرد.

مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات پاش دەستبەسەر کردنی برای ئەو زیندانییە سیاسییە لەسێدارەدراوە، چوونەتە ماڵی باوکیی ناوبراو و وێرای پشکنینی ماڵەکە، دەستیان بەسەر کەلووپەل و کۆمەڵێک دەفتەر و کتێب و کۆمپیوتێری شەخسیی ئەو هاووڵاتییە کوردەشدا گرتووە.

\"19364.jpg\"
حبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور، زیندانیی سیاسیی کوردی لەسێدارەدراو
عیزەت گوڵپەری‌پوور، کە رێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ساڵی رابردوو براکەی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە درا، هەنووکە لە ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لەدەستبەسەری‌دایە.

بەپێی راپۆرتی کەمپەینی مافی مرۆڤ لەئێران، هەر ئەو رۆژە (٢٠ی خاکەلێوە) دوو هاوولاتیی دیکەی کورد و لە نزیکانی بنەماڵەی گوڵپەری‌پوور، لە چوارڕێیانی سەفەریی شاری سنە دەستبەسەر کران.

ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە شاهۆ حەیدەری و میعاد ئەحمەدی راگەیاندراوە، کە هاوڕێ لەگەڵ عێزەت گوڵپەری‌پوور، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لەدەستبەسەری‌دان.

حبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور سەرەتای پاییزی ساڵی ١٣٨٨ لە شاری مەهاباد لەلایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و لە زیندانی ئیتلاعاتی شارەکانی مەهاباد، ورمێ، سنە و سیمنان بەرەوڕووی ئەشکەنجەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بوویەوە.

دەزگای قەزایی حكوومەتی ئێران ئەو هاووڵاتییە كوردەی بە تاوانی ئەندامیەتی لە حیزبێكی كوردی و هەوڵدان بەدژی تەناهیی \"میللی\" و \"موحاربە\" بەسێدارە مەحكووم كرد و دواتر ئەو حوكمە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست كرایەوە.

\"19360.jpg\"
حەبیبوڵڵا لەتیفی زیندانیی سیاسیی كورد لەگرتووخانەی ناوەندی سنە
لەلایەكی دیكەوە حەبیبوڵڵا لەتیفی زیندانیی سیاسیی كورد لەگرتووخانەی ناوەندی سنە لەگەڵ حوكمی لەسێدارە بەرەوڕوویە.

یەكێک لەنزیكەكانی ئەو بنەماڵە وتوویەتی: زۆر لێپرسراو كاربەدەست بەڵێنیان پێداوین كە پێداچوونەوە بە حوكمی سیدارەی حەبیبوڵڵادا دەكرێ‌، بەڵام هیچ كات ئەو بەڵێنییە جێبەجێ‌نەكرا.

حەبیبوڵڵا لەتیفی ساڵی ١٣٦٠ لەشاری سنە لەدایک بووە و سەرەتاكانی خەزەڵوەری ساڵی ٨٦ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری سنە دەستبەسەر و بۆماوەی ٤ مانگ لەژووری تاكەكەسیدا راگیرابوو.

لەتیفی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٧ لەلقی دادگای \"ئینقلاب\"‌ی سنە بە دادوەریی بابایی بەتاوانی هەوڵدان بەدژی تەناهیی \"میللی\" لەرێگەی چالاكیی خوێندكاریی ـ سیاسی بە سێدارە مەحكووم كرا.