ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لێپرسینەوە و هەڕەشەی لە چالاکێکی مەزهەبی کرد

15:05 - 7 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە لێپرسراوانی دەفتەری بەرپرسی شۆرای مەکتەبی قورئانی کوردستانی ئێران، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و بە لێپرسینەوە و بە توندی هەڕەشەی لێکراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا \"عەبدوڵڵا عەباسی\"، یەکێک لە چالاکانی مەزهەبیی کوردستان لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر لەژێر بازجوویی و لێپرسینەوەدا بووە.

عەبدوڵڵا عەباسی یەکێک لە لێپرسراوانی دەفتەری \"حەسەن ئەمینی\" موفتیی ناسراوی کوردستانی ئێرانە کەلە مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٤ جار لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بانگهێشت و لەمەڕ کار و چالاکییە ئایینییەکانی لە چوارچێوەی مەکتەبی قورئاندا لێپرسینەوەی لێ کراوە.

\"10879.jpg\"
عەبدوڵڵا عەباسی
ماڵپەڕی \"ئیسلام کورد\" زمانحاڵی مەکتەب قورئانی کوردستانی ئێران بڵاوی کردەوە، عەبدوڵڵا عەباسی لەلایەن مەئموورانی ستاد خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەمەڕ دەست پێ هەڵگرتن لە کار و چالاکییە مەزهەبییەکانی، بە شێوەی جۆراوجۆر هەڕەشەی لێکراوە.

پێشتریش ئەو چالاکە مەزهەبییە رێکەوتی ٦ی گەلاوێژ ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش نزیک بە ١٠ رۆژ لە دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی، بە شیوەی کاتی ئازاد کرابوو.

بانگهێشت و لێپرسینەوە لەو چالاکە مەزهەبییە لە کاتێک دایە، کە ئەم حەفتەیە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە وەک \"حەفتەی یەکییەتیی نێوان مەزهەبە ئیسلامییەکان\" دیاریکراوە.