ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بڕیارێك بۆ پەروەردە و فێركردن دەردەكات

15:49 - 9 رەزبەر 2715
ئاژانسی كوردپا: مامۆستایەكی قوتابخانەكانی شاری سنە بە هۆی دژایەتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە وانەوتنەوە بێبەش كرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەر داوای ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ ئیدارەی پەروەردە و فێركردنی ناوچەی یەكی ئەو شارە، \"مەسعوود جەعفەری\" مامۆستای قوتابخانە لە وانەوتنەوە بێبەش كرا.

بڕیاری ئەو ناوەندە ئەمنییەتییەی حكومەت لە ڕێگای حەراسەتی پەروەردە و فێركردنەوە بە قوتابخانەی نموونەی دەوڵەتیی \"ئیمام شافیعی\" ڕاگەیەندراوە.

\"28734.jpg\"
ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دژایەتی خۆی لەگەڵ وانەوتنەوەی مەسعوود جەعفەری دەربڕی
مەسعوود جەعفەری كە یەكێك لە ئەندامانی مەكتەب قورئان لە شاری سنەیە، ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، ڕاستەوخۆ لە سەر بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات لە وانەوتنەوە بێبەش كرا كە دواتر بە هۆی گوشار و ناڕەزایەتی بنەماڵەی قوتابیان ئەو حوكمە هەڵوەشێندرایەوە.

ئەو مامۆستا كوردە كە ماوەی ٢٤ ساڵە لە قوتابخانەكان سەرقاڵی وانەوتنەوەیە، لە هاوینی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی‏دا، بۆ قوتابخانەی گوندەكانی \"ننڵە\" و \"نایسەر\" بەڕێ دەكرێت كە بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مەكتەب قورئان بە هۆی دابەزینی كەیفیەتی قوتابخانەی نموومنەی ئیمام شافیعی، بەرپرسانی قوتابخانە جارێكی دیكە داوا لە مەسعوود جەعفەری دەكەن بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام ئەو بڕیارە ناڕەزایەتی توندی حەراسەتی لێ دەكەوێتەوە.

هەنووكە سەرچاوە هەواڵدەرییەكان باس لەوە دەكەن كە بنەماڵەكان لە ئیدارەی پەروەردە و فێركردنی پارێزگای سنە ناڕازین، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی ئەو ئیدارەیە ڕایگەیاندووە: \"ڕەوتی مەكتەب قورئان بۆ نیزام هێڵی سوورە\".

شورای بەڕێوەبەریی مەكتەب قورئان ئەم شێوە هەڵسوكەوتەی بە \"سەدەی ناوەڕاستی\" ناودێر كردووە.
\"28735.jpg\"