ئیدارەی پەروەردە، سەرجەم تێچووی ساڵی داهاتووی خوێندنی خستە ئەستۆی قوتابیان+بەڵگە

21:53 - 29 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە بەردەوامیی رەوتی ئەستاندنی پارە لە قوتابییان، ئیدارەی پەروەردە بە فەرمی بە قوتابخانەکانی راگەیاندووە، کە تێچووی ساڵی داهاتووی خویندن لە ئەسۆی قوتابیان دەبێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بۆکان لە بەخشنامەیەکدا سەرجەم قوتابخانەکانی شاری بۆکانیان ئاگادار کردۆتەوە، کە بۆ ناونووسی لە ساڵی داهاتووی خوێندندا، هەر قوتابییەک دەبێ بڕی ٥٠ هەزار تمەن بە قوتابخانە بدات.

لەو پەیوەندییەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بۆکان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە ماوەی رابردوودا ئەو قوتابییانەی بۆ وەرگرتنەوەی کارنامەکانیان سەردانی قوتابخانەکانیان کردووە، لەلایەن بەرپرسانی قوتابخانە ئاگادارکراونەتەوە، کە ساڵی داهاتووی خوێندن ئیدارەی پەروەردە هیچ پێداوێستییەکی قوتابخانە و قوتابیان دابین ناکات.

بەپێی ئەو بەخشنامەیەی کە بۆ قوتابخانەکان نێردراوە، دەبێ هەر قوتابییەک لە کاتی ناونووسیدا بڕی ١٥ هەزار ٥٠٠ تمەن بۆ کتێب، ٤ هەزار تمەن بۆ بیمە، ٩ هه‌زار بۆ بڵاڤۆکی پەروەردەیی و گەڵالەی کەرامەت، سیدی بارهێنان ٢ هەزار تمەن و هۆشمەندسازیی ١٩ هەزار و ٥٠٠ تمەن، بە قوتابخانەکان بدەن.

لە یاسای بنەڕەتیی حکوموەتی ئیسلامیی ئێراندا هاتووە؛ پێویستە دەوڵەت سەرجەم كەلوپەلی پەروەردە و بارهێنان بە خۆڕایی و بەبێ‌ بەرامبەر بۆ سەرجەم قوتابیان(سەرەتایی، ناوەندی، دواناوەندی) دابین بكات، بەڵام لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە بیانووی جۆراوجۆر، قوتابییان بە بڕیاری ئیدارەی پەروەردە پارەیان لێ ئەستێندراوە.

چەند رۆژ پێش ئێستاش ئیدارەی پەروەردە لە شاری بۆکان لە بەخشنامەیەکی دیکەدا بە دایک و باوکی قوتابیانی راگەیاندبوو، کە بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن تێچووی \"برق و گاز و تەلەفۆن، دانانی کامێرای چاوەدێری بۆ قوتابخانە، رەنگ کردنی پۆلەکان، نوێکردنەوەی سەندەڵی و درک و پەنجێرەی قوتابخانەکان، کڕینی پرینتێر، کڕینی کاغەز و دەزگای کۆپی، کڕینی ماژیک\" لە ئەستۆی بنەماڵەی قوتابیان دەبێت.
\"20621.jpg\"

\"20620.jpg\"