ئیدارەی مەسکەن لە شارەکانی کوردستان، زەوی ئەداتە کەسانی ناخۆجێیی

22:49 - 8 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی مەسکەن و شارسازیی ئوستانی کوردستان لە شاری سنە، بە شێوەی نایاسایی ژمارەیەک پلاکی زەوییان چەند شارێکی ئوستانی کوردستان زەوت کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی مەسکەن و شارسازی، لە شارەکانی سنە، سەقز و بانە ژمارەیەک پلاکی زەوی زەوت کردووەو بەبێ بەرامبەر بە چەند کەسێکی سەربە حکوومەتی داون.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ زیاتر لە ١٠٠ پارچە زەوی لە تەنیشت نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە، گەڕەکی شەهرەکی دانشگای سەقز و شەهرەکی گوڵشەن و تەوحید لە شاری بانە، لەلایەن ئیدارەی مەسکەنەوە زەوت و رادەستی کەسانی سەربە حکوومەت کە، سەرجەمیان کەسانی ناخۆجێین(غیرە بومی) کراون.

ئەو کارناسە بیناسازییە گوتیشی، ژمارەیەک لەو زەوییانەی کە داگیر کراون، مڵکی چالاکانی سیاسیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتن، هەر بۆیەش ئەو ئیدارەیە بە پشتیوانیی وەزارەتی ئیتلاعات ئەو زەوییانەی داگیر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت باسی لەوەش کرد، کەسوکاری ئەو خاوەن زەوییانە نارەزایەتییان بەو بڕیارەی ئیدارەی مەسکەن و شارسازی دەربڕیوە، بەڵام لەگەڵ هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارانە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

ساڵی رابردووش داگیرکردنی شارۆچکە پیشەییەکانی ١ و ٣ی شاری سنە لەلایەن بەرپرسی شیرکەتی شارۆچکە پیشەییەکانی ئوستانی کوردستانەوە، کە بەگوتەی هاووڵاتییان ئەو بەرپرسە بە پشتیوانیی دەوڵەت دەستی بە فرۆشی ئەو دوو شارۆچکەیە کردبوو، ناڕەزایەتیی دانیشتوانی ئەو دوو شارۆچکەیەی لێکەوتبوویەوە.