ئیدارەی "ئاو"ی روانسەر، ئاوی زیاتر لە ٢٠ گوندی بڕیوە/ نوێ کرایەوە

22:34 - 24 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: پچڕاندنی ‌هێڵی ئاوی گوندەکانی ناوچەی روانسەر لەلایەن ئیدارەی ئاوی ئەو شارەوە، ناڕەزایەتیی دانیشتوانی گوندەکانی ئەو ناوچەیەی بەدواوە بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی \"ئاو و برق\"ی شاری روانسەر هێڵی ئاوی گوندەکانی \"بەوراوا، ژێرەژاوی، بناوەج، بنچەڵێ، کانێ خەیران، بروارین\" و چەندین گوندی دیکەی پچڕاندووە و ئەمەش بووە هۆی ئەوە کە ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ٢٤ گەلاوێژ زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە دانێشتوانی گوندی \"بەوراوا\" بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین، لە بەر دەم ئیدارەی ناوبراودا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی پێک بێنن.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوابەدوای ئەوەی کە هاووڵاتییانی گوندی بەوراوا لە شاری روانسەر گەڕاونەتەوە، چوونەتە سەر هێڵی بۆڕی ئاوی روانسەر و رایانگەیاندووە کە ئەگەر ئاوەکەیان بۆ نەکەنەوە، بۆخۆیان ئاوەکە بۆ ئەو ٢٠ گوندە بەر ئەدەنەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە هێــزە ئینتزامییەکانی شاری روانسەر دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی هێڵی ئاوی روانسەر و رایانگەیاندووە کە بۆ خۆیان ئاوەکە دەکەنەوە، کە پاش ١ کاتژمیر سەرلەنوێ ئاوەکەیان بەڕووی هاووڵاتییاندا گرتۆتەوە.

هاوکات غەفار ساڵحی بەرپرسی ئیدارەی ئاوی شاری جوانڕۆ بە هاووڵاتییانی راگەیاندووە، کە \"من بە بڕیاری \"نێعمەتوڵڵا مەنووچێهری\" نوێنەری خەڵکی پاوە و هەورامانات هێڵی ئەو ئاوەم بە رووی خەڵکدا گرتۆتەوەو هەتا ناوبراو ئیزن نەدات، ئەو ئاوە بەڕووی هاووڵاتییاندا ناکرێتەوە.

بە وتەی یەکێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، \"ئیدارەی ئاو\" بە هاووڵاتییانی راگەیاندووە کە شارەکانی \"روانسەر و جوانڕۆ\" زیاتر پێویستیان بە ئاو هەیە\" بۆیە ئاوی گوندەکانی ئێمەیان بڕیوەو هاوڵاتییانی زیاتر لە ٢٠ گوندی شارەدێی \"بەوراوا\" تووشی کێشەی بێ ئاوی بوون.

دەگوترێت دانیشتوانی گوندەکانی سەربە شارەدێی \"بەروراوا\" رایانگەیاندووە کە ئەگەر هەتا رۆژی شەممە ئەو کێشە چارەسەر نەبێت، سەر لەنوێ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی پێک دینن.

لەلایەکی دیکەوە سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، \"سەرچاوە (منبع)\"ی ئاوی گوندی \"لۆنی سادات\"ی سەربە شاری کامیارانی بە دەستەوە گرتووە و بە تانکێر بۆ پایەگای سپای پاسداران لە چیای شاهۆ دەگوازرێتەوە.