ئیجلال قەوامی جارێکی دیکە بانگهێشتی دادگوستەری سنە کرا

21:16 - 23 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووس و چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد دانیشتووی شاری سنە، بانگهێشتی دادگوستەری ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، ئیجلال قەوامی، ڕۆژنامەنووس و چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد، بانگهێشتی لقی دووی لێپرسینەوەی دادگوستەری شاری سنە کرا.

ئەم چالاکەی مافی مرۆڤە، لە لاپەڕەی تویتێری شەخسی خۆیدا نووسیوویەتی:\" سەبارەت به دۆسیەی نوێ بانگهێشتی دادگا کراوم و دەبێ لە ماوەی پێنج ڕۆژی دیکەدا لە لقی دووی لێپرسینەوە ئامادە بم\".

ئیجلال قەوامی ٢٧ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە لقی چوار دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام، وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیەنەکانی دژبەری نیزام و بڵاوکردنەوەی گوتاری پێچەوانەی ڕاستییەکان و بێڕێزی بە سپای پاسداران\" دادگایی دەکرێت.

ئیجلال قەوامی، چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانی خۆی لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوییەوە لە ڕۆژنامەی ئێران دەست پێکردووە، لە ئێستادا وەکوو ڕۆژنامەوانێکی ناسراو لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بە ئەژمار دێت.

\"\"
ئیجلال قەوامی جارێکی دیکە بانگهێشتی دادگوستەری سنە کرا