ئیجلال قەوامی، تۆمەتی ئاژاوەنانەوەی بەتوندی رەت کردەوە

14:34 - 18 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کەمپەینی پشتیوانی لە شەنگال و کۆبانی، تۆمەتی \"ئاژاوەنانەوە\"ی لە خۆپیشاندانەکانی ماوەی رابردووی بە توندی رەت کردەوە.

لە نامەیەکدا کە لەلایەن (ئیجلال قەوامی)یەوە بڵاو بۆتەوە، وتەکانی بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی ئوستانی کوردستانی سەبارەت بە کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان وەکوو \"هاوڕێیەتیی جنۆکە و بیسمیللا\" لە قەڵەم داوە.

ئەو بەڕێوەبەرەی کەمپەینی \"کۆبانی بە تەنیا جێ مەهێڵن\" لە درێژەدا نووسیویەتی، \"خۆزگە ئەو ئەمنیەتە لە وڵام و پشتیوانیدا بە شێوەی عادلانە و هاوتەریب بۆ هەموو کەس بوایە و دەرگای ئەو ئازادییە بە ڕووی هەموو کەسدا ئاوەلا بوایە.

بەرپرسی ناوچەی بەسیجی خوێندکاریی ئوستانی کوردستان رۆژی ١٣ی خەزەڵوەر لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فارس، خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کوردی بۆ پشتیوانی لە شەنگال و کۆبانی لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و تایبەت شاری سنەی بە \"ئاژاوم نانەوەی گرووپە دژبەرەکان\" لە قەڵەم دابوو، کە بە وتەی خۆی \"بە دڵی حیزبەکان\" بوو.

دەقی نامەکەی ئیجلال قەوامی، روو لە عەلی محەمەدپەنا، لەلایەن ئاژانسی کوردپاوە کراوەتە کوردی:

بەرپرسی رێکخراوی بەسیجی خوێندکاریی کوردستان

لەگەڵ سڵاو

دەمهەوێ لە رێگەی نوویسنی ئەم نامەیەوە دەرگای رەخنە بکەمەوە، دەنا ئەگەر رەخنە بگیردرێ، ئەوەندە زۆرە، کە بەسەد نامەش نووسینیش هەروا درێژەی دەبێ.ئێوە لە وتەکانتاندا دڵسۆزانی ئەم وڵاتەتان تۆمەتبار و سەرکۆنە و لۆمە کردووە، پێم باشە بە نووسینی ئەم نامەیە جگە لە سەرکۆنە هیچ شتێک بەرەوڕووم نەبێتەوە.

سووکایەتیتان بە شعوور و فەرهەنگی خەڵکی ئەم نیشتمانە کردووە و بەبێ ترس و دوودڵی خەڵک تۆمەتبار دەکەی.

ئەو کەسانەی لە هەوڵی قاییم کردنی بناغەکانی کۆڵەکەی گفتوگۆدان، بۆچی لەبەر ئەوەی تۆمەتبار کراون ناڕەحەت و نیگەران نەبن. جیگەی سەرسووڕمانە کە بەهۆی بەرژەوەندیی جەناحییەوە ئەخلاقتان کردۆتە قوربانی.

برای بەڕێز

بۆچی لە ماوەی ٨ ساڵی رابردووی دەوڵەتی عەداڵەت و مێهروەرزیدا، کاتێ نیشتمان و سەرمایە کۆمەڵایەتییە ماددییەکانی تاڵان کرا، مێشیک میوانتان نەبوو؟!

بۆچی کاتێ هەزاران بوورسیەی نایاسایی و بەرتیل خۆری لە رادەبەدەر، گەیشتە ئەوپەڕی خۆی دەنگت هەڵنەبڕی؟! ئاخۆ کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەندە جێگەی ترسە کە چاوتان بەڕووی هەزاران کاری نایاسایی و بێ ئەخلاقیدا نووقاندووە و شمشێتران بۆ دڵسۆزانی نیشتمان بە دەستەوە گرتووە. بۆچی بە تۆمەتبار کردنی خەڵک بە دژە شۆڕش (ضد انقلاب)، نان بە نرخی رۆژ دەخۆی.

جێگەی پرسیارە کە چۆناوچۆنە چاو و گوێچکەی خۆتان بەڕووی هەزاران ئازار و نەهامەتی خەڵکی کوردستاندا نووقاندووە و ویژدانی عەداڵەتخوازیتان لە خەوی حەسرەتدایە.

جەنابی محەمەد پەنا

بەو شێوەیەی کە ئێوە هێرشتان کردۆتە سەر چالاکانی مەدەنی، ئاماژەیە بۆ راستییەکی تاڵ و ئەویش ئەوەیە کە هاوڕێیەتی ئێوە لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان وەکوو هاوڕێیەتی یان خزمایەتیی جنۆکە و بیسمیللا وایە.

بەڕاستی بەکام هۆکاری عەقلانی و ئینسانییەوە بڕیارتان لەسەر خەلک داوە و حوکم بەسەر خەڵکدا ئەدەن.

هیوام ئەوە بوو کە ئەو ئەمنیەتە لە وڵام و پشتیوانی لە تێکڕای خەڵک بوایە و دەرگای ئەو ئازادییەش بەڕووی خەڵکدا بکرایەتەوە.

ئیجلال قەوامی
١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٣