ئیجلال قەوامی: بە داخەوە تا ئێستا دادگای پێداچوونەوەی تاران لەپێوەندی لەگەڵ \"تجمیع احکام\" کەبوودوەند هیچ بڕیارێکی نەداوە

21:29 - 18 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: وتەبێژی پێشووی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند کە چەسباندنی ماددەی ١٣٤ دەبێ لە بارەی مافی کەبوودوەند پەسند بکرێت.

ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕ، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسی له کۆتایی حەبسی ١٠ ساڵەی محەممەد سدیق کەبوودوەند، دامەزرێنەری ئەو ڕێکخراوەیە کرد.

ئاژانسی کوردپا لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیجلال قەوامی،وتەبێژی پێشووی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان پێکهێناووە:

ئیجلال قەوامی لە پێوەندی لەگەڵ ئازادیی کەبوودوەند لە ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕدا باسی لەوە کرد: \"پەروەندەی بەڕێز کەبوودوەند لە پێوەندی لەگەڵ \"تجمیع احکام\" ١٠ ساڵه و شەش مانگەی ناوبراو بۆ لقی ٥٤ی دادگای پێداچوونەوەی تاران بەڕێ کراوە کە بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی ٤ مانگ هێشتا بڕیارێکی لەم بارەیەوە نەداوە\".

ناوبراو باسی لەوە کرد: \"هەموو پارێزەران و هەموو ئەو کەسانەی کە پەروەندەی محەممەد سدیق کەبوودوەندیان خوێندوەتەوە لە سەر ئەو باوەڕەن کە چەسباندنی ماددەی ١٣٤ دەبێ پەسند بکرێت و ناوبراو دەبێ ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕ ئەمساڵ لە زیندان ئازاد بکرێت\".

قەوامی لەو کۆتاییدا باسی لەوە کرد: \"ئەوه مافی یاسایی و مرۆیی محەممەد سدیق کەبوودوەندە کە دەبێ لە زیندان ئازاد بکرێت و ١٠ ساڵ لە زیندانی کرانی ناوبراو تێپەڕێوە و ماددەی ١٣٤ لە بارەی کەبوودوەندەوە دەبێ بەڕێوە بچێت\".

کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی دەستبەسەرکرانە خۆسەرییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەیەک دامەزراندنی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستانی یاسایی و چالاکییەکانی محەممەد سدیق کەبوودوەندی یاسایی ڕاگەیاند و حوکمی ١٠ زیندانیی بە سەر ناوبراودا نایاسایی ڕاگەیاند.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری حەوتووتەنامەی \"پیام مردم\" و دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٨٦ دەستبەسەر و دوای ماوەیەک زیندانی و دەستبەسەری، لە لایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە ١١ ساڵ زیندانی بوون حوکم درا.

کەبوودوەند لەماوەی دەستبەسەری‌ لە زیندانی \"ئێڤین\"ی تاران، دوو جار تووشی جەڵتەی دڵ و جارێکیش تووشی جەڵتەی مێشک هاتووە.

دامەزرێنەری ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، زۆرجار وتوویەتی: زیندانی کردنی کەبوودوەند نایاساییە و دژایەتی لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان هەیە و ئازاد کردنی کەبوودوەند دەبێ بێ مەرج بێت.