ئیجلال قەوامی بانگهێشتی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە کرا

22:02 - 26 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد، خەڵکی شاری سنە بانگهێشتی لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیجلال قەوامی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ، دانیشتووی شاری سنە بانگهێشتی لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی ئەو شارە کرا.

ئەو چالاکە مافی مرۆییە لە تویتی شەخسیی خۆیدا نووسیوویەتی: \"پڕۆپاگەندە دژی نیزام، وتوویژ لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی دژبەری نیزام و بڵاوکردنەوەی گوتارگەلێک پێچەوانەی راستییەکان و بێڕێزی بە سپای پاسداران لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی منن\".

ڕاگەیاندنەکانی سەر بە سپای پاسداران ئیجلال قەوامی بە \"دژە شۆڕش و دەست و پێوەندی ڕاگەیاندنی بێگانەکان\" دەزانن و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە بەشداری ئەم چالاکە مافی مرۆڤە کوردە لە چەندین پرێسکۆنفڕانسدا هەواڵنێران ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و خوازیاری هەڵسووکەوتی قەزایی ناوبراو بوون.

ئیجلال قەوامی، چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانی خۆی لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوییەوە لە ڕۆژنامەی ئێران دەست پێکردووە، لە ئێستادا وەکوو ڕۆژنامەوانێکی ناسراو لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بە ئەژمار دێت.

\"\"
ئیجلال قەوامی بانگهێشتی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە کرا