ئیتلاعات کەشوهەوای ترس لە کوردستان دروست دەکات

19:32 - 19 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە ئێران و کوردستان، ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، خەریکی دروست کردنی کەشوهەوای ترس لە کوردستانن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە ئێران و کوردستان، ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بە ڕێخستنی کاناڵگەلێک لە دنیای مەجازی لە هەوڵی ناساندنی و دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییانی ناڕازی دان و لە نوێترین هەوڵدا، ئیدارەی ئیتلاعات شاری سنە، بە ڕێخستنی کاناڵێک لە دنیای مەجازی بە بڵاوکردنەوەی وێنەی هاووڵاتییانی ناڕازی، داوا لە خەڵک دەکات کە بۆ ناساندن و دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییان هاوکاریی ئیدارەی ئیتلاعات بکەن.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، هاووڵاتییانی بەشداربووی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بە \"ئاژاوەچی و سەر بە لایەنە سیاسییەکانی دژبەری حکوومەت\" بە خەڵک ناساندووە.

ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشانیش هەروەها بە ڕێخستنی کانالگەلێک لە دنیای مەجازی هاووڵاتییانی بەشداربوو لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە خەڵکییانە بخەنە ژێر چاوەدێری بۆ دەسبەسەر کردنیان.

ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە ڕێخستنی ئەو کاناڵانە و بڵاوکردنەوەی وێنەی ناڕازییان و لیدەرەکانی ئەو خۆپیشاندانانەدا، لە هەوڵی دەسبەسەر کردنیان دایە و داوای لە خەڵک کردووە، لەو پەیوەندییەدا هاوکاریی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بکەن.

چالاکانی مەدەنی کوردستان لەو باوەڕەن، کە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لەو هەوڵەیاندا خەریکی دروست کردنی کەشوهەوای ترس و دڵەڕاوکێی لە نێو هاووڵاتییانن، هەتا پێش بە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بگرن.