ئیتلاعات چوار هاووڵاتیی لە شاری شنۆ دەستبەسەر کرد

22:05 - 1 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتیی کورد لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێ دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوار شەممە٣١ی جۆزەردان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارەی دەستبەسەر کرد و هەنوکە ئەو چوار هاووڵاتییە لە گرتووخانەی ئەو ئیدارەیە دان.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەی بە\"فەرعان ،یووسف و ئومید سەیدە پوور \"خەڵکی گوندی\"بێژاوێ\" و \"عەبدوڵڵاهی\"خەڵکی گوندی\"تاچین ئاوا\" ڕاگەیاندووە.

هەواڵنێری کوردپا لە زاری یەکێک لە نزیکانی دەستبەسەرکراوەکان گوتی: ئەو چوار هاووڵاتییە لە ساردخانەی شاری شنۆ خەریکی کار کردن بوون و هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەت لە شوێنی کارەکەیان ئەو چوار هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.

لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، شەپۆلێک لە دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی باشووری پارێزگای ورمێ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستی پێکردووە.

چالاکانی سیاسی و کارناسانی ئاگادار لە سەر پرسەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەو باوەڕەدان کە، ئەم هەوڵانەی ئیتلاعات وەکوو سناریۆیەکی ئەم ناوەندە ئەمنیەتییەیە بۆ دروست کردنی کەش و هەوای ترس و تۆقاندن لە نێو هاووڵاتییانی کورد.