ئیتلاعات و ئەماکن بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنی بازاڕیانی کوردستان، دەستیان داوەتە هەڕەشەکردن

21:57 - 30 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی ئیتلاعات و ئیدارەی ئەماکن، هەڕەشەیان لە بازاڕیانی مانگرتووی کوردستان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی مەریوان، بانە و جوانڕۆ هەڕەشەیان لە بازاڕیانی مانگرتوو کردووە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بازاڕیانیان ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی مانگرتنەکان لەگەڵ سزای قورسی قەزایی و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کار بەرەوڕوو دەبنەوە.

هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەو دەکەن، کە بازاڕیانی شاری بانە لە مانگرتنی سەرتاسەریدان و بەرپرسی شۆرای شاری بانە لە وتوویژێکدا لەگەڵ \"اعتماد آنلاین\" وێڕای پێداگری لەسەر ئەو هەواڵە وتوویەتی:\" دووکانەکانی شاری بانە بەگشتی داخراون\".

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە، ژمارەیەک لە بازاڕیانی مانگرتوو لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی دوو کەس لە بازاڕیانی مانگرتووی دەسبەسەرکراو، بە ناوەکانی \"موحسێن عەلیزادە\" کوڕی عەلی و \"ڕزگار ڕەفاهی\" ڕاگەیاندووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، مانگرتنی سەرتاسەری لە شارەکانی بانە، پیرانشار، جوانڕۆ و مەریوان درێژەی هەیە و هەتا ئێستە بەرپرسان هیچ هەوڵێکی جیددیان بۆ چارەسەرکردنی داواکاریی مانگرتووان نەداوە.