ئیتلاعات هەڕەشەی لە پێشنوێژی مزگەوتی گوندی \"نێ\"ـی مەریوانی کرد

15:09 - 21 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، هەڕەشەی دەرکردنی لە پێشنوێژی مزگەوتی گوندی \"نێ\"ـی ئەو شارە کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، هەڕەشەیان لە مامۆستا لوقمان، پێشنوێژی هەینی گوندی \"نێ\"ـی کرد و ڕایانگەیاندووە: لە ئەگەری ملکەج نەبوون بە داواکارییەکانی ئیتلاعات، ناوبراو لەو گوندە وەدەر دەنێن.

دەوترێ، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی \"نێ\" لە زۆربەی قسەکانیدا لە نوێژی هەینی دەپڕژێتە سەر کێشە و گرفتەکانی پەیوەندییدار بە کوردستان، ڕەخنە لە بەرپرسانی حکوومەتی دەگرێت و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ناڕەزایەتیی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەی لێ بکەوێتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٣، مامۆستا ساحیب غەریبی، پێشنوێژی پێشووی گوندی \"نێ\" بە هۆی گوشارە بەردەوامەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، بە ناچاری شاری مەریوانی بەجێهێشت و ڕووی لە شاری بانە کرد.

مامۆستا ساحیب چەند جارێک لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و پاش بەجێهێشتنی شاری مەریوان، لە شاری بانە بوو بە پێشنوێژی گوندی \"قایبرد\" کە بە هۆی گوشارە بەردەوامەکانی ئیتلاعات دەستی لە پێشنوێژی ئەو گوندەش هەڵگرت.

ئەو مامۆستا کوردە، خەڵکی \"هەورامان\"ـی تەخت سەر بە شاری سەوڵاوایە و بە هۆی \"پەیرەوی نەکردن لە ئیدئۆلۆژی سیاسی و هزری و بانگەشە نەکردن بۆ حکوومەتی ئێران\" لە پێشنویژیی گوندەکانی \"نێ\" و \"قایبرد\" وەلا نراوە.