ئیتلاعات لە کوردستان ئەندامانی پێشووی حیزبە کوردییەکان بانگهشت دەکات

21:31 - 9 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعات لە کوردستان، ئەندامانی پێشووی حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئەو حکوومەتە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکاتەوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزارەتی ئیتلاعات، بانگهێشت کردنی ئەندامانی پێشووی حیزبە ئۆپوزیسیونەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی دەست‌پێکردۆتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کوردستان، ئەندامانی پێشووی حیزبە کوردییەکانی خستووەتە ژیر گوشار، بە شێوەی فەرمی بەڵیننامەی لێ وەرگرتوون کە خۆیان لە هەر چەشنە چالاکییەکی سیاسی بەدوور بگرن.

لەو پەیوەندیەیدا ماڵپەڕی کوردستان میدیا زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاوی کردۆتەوە کە؛\" ئەندامانی پێشووی ئەو حیزبە لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سەردەشت، پیرانشار و ورمێ، بانگهێشتی ئیدارەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارانە کراون\".

پێشترێش، ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی کامیاران و پاوە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسییان بانگهێشت و دەستبەسەریان کردوون.

هێزە ئیتلاعاتییەکان داوا لە کەسوکاری چالاکانی سیاسی دەکەن کە منداڵەکانیان واز لە چالاکیی سیاسی بێنن.