ئیتلاعات، دادستانی ناچار بە ڕەتکردنی داواکاریی زیندانییەکی سیاسی کورد کردووە

16:01 - 22 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ئازادیی بێ ئەملاو ئەملای چالاکێکی سیاسی لە مێژینەی کورد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لەگەڵ دژایەتی ئیتلاعات بەرەو ڕوو بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نامەنووسینی محەممەد نەزەری لە زیندان بۆ بەرپرسانی دادستانی ناوەندیی شاری ئەلبۆرز بۆ گواستنەوەی ناوبراو بۆ زیندانی ورمێ بێ ئاکام بووه.

ناوبراو کە ماوەی ٢٣ ساڵه لە زیندان دایە، داوای گواستنەوەی بۆ شوێنی لە دایکبوونی خۆی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کردبوو.

دژایەتی لەگەڵ داوای محەممەد نەزەری لە لایەن دادستانی شاری کەرەجەوە بۆ چەندمین جار ڕووی داوە و بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو؛ ئیتلاعاتی شاری ورمێ کۆسپی سەرەکی بووە بۆ جێبەجێ‌کردنی ئەو داواکارییە.

\"\"ئەو زیندانییە لە کورتە نامەیکدا لە وڵامی نووسراوی دەزگای قەزایی شاری کەرەج نوسیوویەتی: ئەو جێگای داخە کە دەزگای قەزایی ئێران بووەتە مەئمووری \"بلە قربان\"ی یەکێک لە ئورگانەکانی دیکەی دەوڵەتی.

محەممەد نەزەری زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی ساین قەڵا، کە ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبوزەرەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە مافی هەموو جۆرە موڕەخەسی یاسایی بێبەش کراوە.

پێشتر ئاژانسی کوردپا بە نیسبەت نەخۆشی دڵی ناوبراو و ئازار و ئەشکنجەی بەرپرسانی ئەمنییەتی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج هۆشداری دابوو.

\"\"