ئیتلاعاتی پیرانشار کۆڵبەرێکی تەمەن ٧٠ ساڵەی بانگهێشت کرد

13:44 - 15 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار سەر بە پارێزگای ورمێ، کۆڵبەرێکی تەمەن ٧٠ ساڵەی بانگهێشتی ئەو ئیدارەیە کرد و لێپێچینەوەی لەگەڵ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ١٤ی ڕێبەندان، خزر عەسکەرزادە تەمەن ٧٠ ساڵە، خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشارەوە بانگهێشت و هەرەشەی لێ کرا.

بڵاو بوونەوەیی وێنەی مام خزری تەمەن ٧٠ ساڵە بە ئاوساویی ددانە کۆڵەوارەکانی لە کاتی کۆڵبەریدا و لەو تەمەنەدا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەیەکی بەرینی بەکارهێنەرانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی لێ کەوتووەتەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەو کۆڵبەرە ئیختیارە پاش وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فارسی زمانی\"بی.بی.سی\" پێناسی هاتوچۆ کردنی لەلایەن هەنگی سنوورییەوە لێ سەندراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە زاری ئەو کۆڵبەرە کوردەوە بڵاوی کردەوە کە کاتێک ناوبراو بۆ وەرگرتنەوەی پێناسەکەی سەردانی هەنگی سنووری کردووە، پێیان ڕاگەیاندووە کە پێناسەکەی لای ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشارە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەش دەخاتە ڕوو کە؛ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە، تۆ مافی ئەوەت نەبووە لەگەڵ بی بی سی وتووێژ بکەیت و دەبوا ئیزنت بەو هەواڵدەرییە نەدابا کە فیلم و وێنەی تۆی بڵاو بکاتەوە.

هێزە ئەمنیەتییەکان بە خزری تەمەن ٧٠ ساڵەیان راگەیاندووە؛ تۆ بەو کارەت ئابڕووی وڵاتی ئێمەت بردووە و ئێمەش پێناسەکەت پووچەڵ دەکەینەوە.

خزر عەسکەرزادەی تەمەن ٧٠ ساڵە، حەوتووی ڕابردوو لە سنووری حاجی هۆمەران و هەرێمی کوردستان لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فارسی زمانی \"بی بی سی\" باسی لە ژیانی ئاستەم و بەسەرهاتی خۆی و کۆڵبەرەکانی دیکەی کوردی کردبوو.

شایانی باسە ئیدارەی ددانپزیشکیی سەردەشت سەرجەم تێچووی چاک کردنەوەی ئازار و کێشەی ددانە کۆڵەوارەکانی مام خزری وەئەستۆ گرتووە.

لەم حەوتوویەدا، لە شارەکانی سەردەشت و پیرانشار بە هۆی هەرەسی ڕنوو و سەرما و سۆڵە، ٥ کۆڵبەری کورد گیانیان لە دەست دا.