ئیتلاعاتی پیرانشار لاوێکی خەڵکی ئەو شارەی دەستبەسەر کرد

15:04 - 4 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٩ ساڵ بە ناوی \"ناسر خزری\" لە شاری پیرانشار دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی\"مەنگوڕ\" ڕوویداوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا گوتی؛ ژمارەیەک لە لیباس شەخسییەکان لەگەڵ چەند مەئموورێکی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان بە قوڵبەست کراوی لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: بنەماڵەی ناسر خزری لە چالاکانی سیاسی خەڵکی شاری پیرانشاربە ئەژمار دێن و هەروەها چەند کەسێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە لە دەرەوەی ئێران نیشتەجێن.
ئەمە دووهەمین حاڵەتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی حەتووی رابردوودایە؛ پێشتریش لاوێکی دیکە بە ناوی \"هێمن حوسێنی\" لە شاری بانە دەستبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکان بۆ دروستکردنی دۆخێکی ترس و تۆقاندن لە نێو هاووڵاتییانی کورد، زۆربەی دەستبەسەرکراوەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبێ حوکمی قەزایی دەستبەسەر دەکەن.

بە هۆی نەبوونی کەشێکی ئازاد و نەبوونی میدیای سەربەخۆ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئامار و ڕاپۆرتێک لە مەڕ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، زیاتر لەو پێشان دەدات کە لە ڕاگەیەنەکاندا بڵاو دەبێتەوە.