ئیتلاعاتی مەریوان دوو ‌هاووڵاتیی کوردی دەسبەسەر کرد

14:45 - 12 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، دوو هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"ئارام نیک‌پەی\" خەڵکی گوندی \"نێ\" و \"تەحسین دادڕەس\" خەڵکی گوندی \"سەردۆش\" سەر بە شاری مەریوان، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان ڕایگەیاند: تەحسین دادڕەس لە فەلەکەی ستادیۆم بێ هیچ ئاگادار کردنەوەیەکی پێشوو لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە تەقەی ڕاستەوخۆی لێ کراوە و دوای بریندار کرانی دەسبەسەر کراوە.

\"\"
ئارام نیک‌پەی، تەحسین دادڕەس
ئەوسەرچاوەیە هەروەها باسی لەوە کردووە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە دوای دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراون و هێزە ئیتلاعاتییەکان وڵامێکی ڕوون لە بارەی چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکانیان نادەنەوە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی مەریوان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لێ کراوە.

هەروەها، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ سەر گوندی نێ و شەڕ و تێکهەلچوون لەگەڵ خەڵکی ئەو گوندە هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستییان کردووە بە تەقە و چەند گوللە بەر مزگەوتی گوندی نێ کەوتووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیاریەک لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.