ئیتلاعاتی شنۆ چوار کەسی بە \"گومانی سیاسی\" گرت

15:13 - 22 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتیی کورد لە هێرشێکی هێزە ئەمنییەکانی شارستانی شنۆ دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، چوار هاووڵاتیی کوردیان پاش دەستبەسەر کردن بۆ شوێنێکی نادیار گواستەوە.

دەستبەسەرکردنی ئەو چەند لاوە لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ٢٠ی سەرماوەز لە گوندی \"چەشمەگۆڵ\"ـی سەربە بەخشی ناوەندیی شنۆ ڕوویداوە.

هەواڵنێری کوردپا بە ناردنی ڕاپۆرتی گیراوانی شنۆ، ناسنامەی ئەوانی بە؛ شارام تایی ٢٣ ساڵ کوڕی ئیسماعیل، ئەهوەند پیرۆتی ٢٥ ساڵ کوڕی ڕەسووڵ، محەممەد تایی ٤٠ ساڵ کوڕی ڕەحمان و سەلیم تایی ٥٠ ساڵ و کوڕی عەبدوڵڵا ڕاگەیاند.

هێزی ئیتلاعات وەک جاران \"بەبێ بەڵگەی قەزایی\" و لە \"کردەوەیەکی تۆقێنەر\"دا چوونەتە ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و هەندێ لە کەرەستەی شەخسیی ئەوانیان وەکوو پەرتووک، نامیلکە و مۆبایل لەگەڵ خۆیان بردووە.

لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردنەکان، ڕاپۆرتێکی ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام خزمانی گیراوەکان \"شیمانە و گومانی\" ئەوە دەکەن کە سەبارەت بە لایەنگری و پێوەندی لەگەڵ یەکێ لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرابن.

پێشتر شیرین عیبادی، مافناس و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل وێڕای ڕەخنەی توند لە کار و کردەوەی وەزارەتی ئیتلاعاتی حەسەنی ڕۆحانی لە پێوەندی لەگەڵ گیرانی چالاکانی سیاسی بە ماڵپەڕی کەمپینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێرانی وتبوو:\" بە ڕۆحانی هۆشدار دەدەم و بە بەرپرسیاری دەزانم لە کار و سەرپێچییە یاساییەکانی نێو وەزارەتی ئیتلاعات، چوونکە ئەو وەزارەتە بەشێکی کابینەی ڕۆحانییە.\"

لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە کە چارەنووسی زۆربەیان ڕوون نییە.