ئیتلاعاتی شنۆ هاووڵاتییەکی کوردی دەسبەسەر کرد

14:46 - 12 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"واحید خالیدنژاد\" تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی محەممەدئەمین، خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان، کاتێ کە ویستوویانە ئەو هاوڵاتییە دەسبەسەر بکەن، ناوبراو هەڵهاتووە و هێزە ئیتلاعاتییەکانیش تەقەیان لێ کردووە و بە دەست و چاو بەستراوی ئەو هاووڵاتییەیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

ئەو سەرچاوەیە بێئاگاهی خۆی لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکرانی واحید دەربڕی.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.