ئیتلاعاتی شاری ڕوانسەر هەڕەشەی لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە

15:08 - 13 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ڕوانسەر، چالاکانی مەدەنیی ئەو شارەی خستووتە ژێر گوشارەوە، کە لە چالاکیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆ ببوێرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ڕوانسەر گوشاری زۆرتری خستووتە سەر چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە و هەڕەشەی لێیان کردووە، کە چیدیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکی نەکەن.

یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری ڕوانسەر لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ڕوانسەر بە بانگهێشتی چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە، ئەوانی خستووتە ژێر گوشارەوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکی نەکەن.

ئەو هاووڵاتییە ڕوانسەرییە ڕای گەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ڕوانسەر ‌هەڕەشەی لە چالاکانی مەدەنیی کردەوە، لە ئەگەری لەبەرچاو نەگرتنی هۆشدارەکانی ئەو ئیدارەیە، لەگەڵ سزای قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.

بە وتەی ئەو چالاکە مەدەنییە، ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بۆ کونتڕۆڵکردن و پێکهێنانی کەشوهەوای ئەمنییەتی لە شاری ڕوانسەر لە حاڵی سازکردنی بینایەکن بۆ سپای پاسداران.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە کۆتاییدا سەرەڕای باس لە گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە و سازکردنی بەربەست بۆ چالاکییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نیگەرانی چالاکانی مەدەنیشی لەو پەیوەندییەدا ڕاگەیاند.